نەتەوەیەکگرتووەکان: 18 ملیۆن ئۆكرانی پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی خێرا هەیە

18 ملیۆن ئۆكرانی پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی خێرا هەیە
18 ملیۆن ئۆكرانی پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی خێرا هەیە

K24 – هه‌ولێر:

نەتەوەیەکگرتووەکان ئاشکرایکرد، بەهۆی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا نزیکەی 18 ملیۆن کەس له‌ ئۆكرانیا پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی خێرا هەیە.

نوسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی لە ئۆکرانیا بڵاویکردەوە، جەنگی بەردەوامی رووسیا و ئۆکرانیا بارودۆخی هاوڵاتیانی له‌ ئۆكرانیا خراپترکردووە و نزیکەی 18 ملیۆن کەس پێویستیان بە هاوکاری مرۆییە خێرا هەیە.

ئاماژەی بەوەشدا، لە کارەکانیان بەردەوامن و هاوکاری مرۆیی پێشکەشی هاووڵاتیانی ئۆکرانیا دەکەن، بۆ گەیاندنی هاوکاری بە 11 ملیۆن هاووڵاتی بۆ ساڵی 2023 پێویستیان بە 3 پۆینت 9 ملیار دۆلار هەیە.

نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، لە ساڵی 2022 بڕی 3 پۆینت 8 ملیار دۆلار وەک هاوکاری مرۆیی بۆ ئۆکرانیا کۆکرایەوە، بەدڵنیاییەوە ئەمساڵیش لەڕێگەی هاوبەشەکانیان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەردەوامدەبن لە هاوکارییەکانیان بۆ ئۆکرانیا.

له‌ 24ـی شوباتی 2022، به‌ فه‌رمانی ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیا هێرشكرایه‌سه‌ر خاكی ئۆكرانیا و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ سه‌ربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی بوون، تا ئێستاش ئه‌و جه‌نگه‌ به‌رده‌وامه‌.