له ههرێمی كوردستان هەڵمەتی کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ لێقهوماوانی بوومەلەرزه کۆتاییهات
K24 - ههولێر:
دوای روودانی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سووریا، ھەڵمەتی کۆکردنەوەی كۆمهك و ھاوکاری بۆ لێقەوماوان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و ئەمڕۆ ههینی کۆتا رۆژی هەڵمەتەکە بوو.
هەڵمەتەکە لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و پارێزگار و سەرۆکی یەکە ئیدارییەکانیش سەرپەرشتی پڕۆسەکەیان كرد و لەمیانی هەڵمەتەکەدا سهدان بارهەڵگری پڕ له كۆمهك و پێداویستی خواردن و خواردنهوه رەوانەی ناوچە زیانلێكهوتووهكانی بوومهلهرزهكهی توركیا و سووریا كران.
لهوبارهوه، ئێوارهی ئهمڕۆ ههینی (17ـی شوبات/فێبرێوهری 2023)، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا وێرای سوپاسکردنی ئەو کەسانەی بەشداریان له هەڵمەتەکەدا كرد، کۆتایی هەڵمەتەکەی راگەیاند.
پارێزگاری هەولێر گوتی: "دوای روودانی بوومەلەرزەکە، لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیرانی هەرێم هەڵساین بە راگەیاندنی هەڵمەتی کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری بۆ لێقەوماوان و رۆژانە خەڵکێکی زۆر بە پەرۆشەوە بەشداری هەڵمەتەکەیان دەکرد و چەند کارمەندێکی خۆبەخش و مامۆستایانی ئایینی بەشداربوون لە سەرخستنی پڕۆسەکە و لەسەر رێنمایی وەزارەتی ناوخۆش ئەمڕۆ هەڵمەتەکە کۆتاییهات و لەم ماوەیەدا چەندین کەلوپەل و پێداویستی رەوانەی ناوچە کارەساتبارەکانی تورکیا و سووریا کران".
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە شەشی شوباتی 2023، بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 7.8 پلە تورکیای ھەژاند و بوومەلەرزەکە سووریاشی گرتەوە و لە ھەرێمی کوردستانیش بەگوڕی 4.7 پلە ھەستی پێکرا.
بوومەلەرزەکە ژمارەیەکی زۆر قوربانی لێکەوتووەتەوە و تا ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەی لە تورکیا و سووریا بەھۆی بوومەلەرزەکەوە گیانییان لەدەستداوە 38 ھەزار کەسی تێپەڕکردووە و گەڕان بەدوای قوربانییان بەردەوامە.