دانیشتوانی 10 گوندی سنووری کێڵگەی نەوتی تەقتەق مانیان گرتووە

داوا دەکەن هاووڵاتییانی ناوچەکە لە کۆمپانیاکانی نەوت دابمەزرێن
kurdistan24.net

K24 – کۆیە

ماوەی چەند رۆژێکە دانیشتوانی 10 گوندی دەوروبەری کێڵگەی نەوتی تەقتەق لەسەر ئەو رێگایانەی بەرەو کێڵگەکە دەچن مانیان گرتووە و رێگاکانیان داخستووە، ئەوان کە شەوانە لە شوێنی مانگرتنەکە و لەبەر سەرما رۆژ دەکەنەوەو  دەڵێن: کۆمپانیاکە دووکەڵ و مەترسی و پیسییەکەی بۆ ئەوانە و ھیچ خێروبێرێکی بۆ گوندنشینان نەبووە، تەنانەت بۆ پاسەوانی کۆمپانیاکەش کەڵکیان لە گەنجەکانی ئەوان وەرنەگرتووە، گوندنشینان دەشڵێن: داواکارییەکانمان قورس نین، پێویستە بۆمان جێبەجێ بکەن، بەپێچەوانەوە رێگاکان چۆڵ ناکەین.

سالار سلێمان، نوێنەری مانگرتووان بە کوردستان24ی گوت: "داواکانمان رەوایە بۆیە لەم کاتەدا کە پلەی گەرمی لە ژێر سفری سلیزی دایە ئامادەین شەوانیش لێرە بمێنینەوە، تا داواکانیشمان جێبەجێ نەکرێن بەردەوام دەبین".

لەناو ئەو گەنجانەی لەسەر رێگاکانی کێڵگەی نەوتی تەقتەق مانیان گرتووە، بەشێکیان دەرچووی زانکۆ پەیمانگاکانن. شاکاو هەژار دەرچووی کۆلێژی ئەندازیاری نەوتە و چوار ساڵە خوێندنی تەواو کردووە و کاری دەست نەکەوتووە، یەکێکە لە مانگرتووەکان، ئاماژە بەوە دەکات، بەراورد بە ئەندازیارە بیانییەکان بە مووچەیەکی کەمیش رازین، بەڵام ئەو دەرفەتەیان بۆ نەرەخساوە.

مانگرتووەکان شەوانە و ھەر شەوێک گەنجانی چەند گوندێک لەسەر ھەر شەش رێگاکەی کێڵگەی نەوتی تەقتەق ئێشک دەگرن، جەخت لەوەدەکەنەوە داواکانیان رەوان و قورسیش نین، ئەگەر بۆیان جێبەجێ نەکەن ناھێڵن ھیچ ھاتووچۆیەک لەو رێگایانەوە بکرێت.

کێڵگەی نەوتی تەقتەق، ساڵانی نەوەدەکان دەستکراوە بە دەرھێنانی نەوت تیایدا، لە رابردوو رۆژانە زیاتر لە 100 ھەزار بەرمیل داھاتی بووە، لە ساڵانی 2000 بە دواوە ھەرسێ کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی، تی تی ئۆپکۆ و ئەداکس پترۆلیۆم وەبەرھێنان لەو کێڵگەیە دەکەن و ئێستا بەرھەمھێنانی نەوت لە کێڵگەکە بۆ 10-15 ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەمیکردووە.