عێراق ده‌رگا به‌ رووی وه‌به‌رهێنه‌رانی ئه‌وروپادا ده‌كاته‌وه‌

كۆبوونه‌وه‌ی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، ئورسولا ڤۆن دێر لاین
كۆبوونه‌وه‌ی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، ئورسولا ڤۆن دێر لاین

K24 - هه‌ولێر:

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەگەڵ سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، ئورسولا ڤۆن دێر لاین كۆبووه‌وه‌ و باسی چه‌ندین ته‌وه‌ری گرنگیان كرد.

نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، سوودانی و ڤۆن دێر لاین له‌ په‌راوێزی لوتكه‌ی ئاسایشی میونشن كۆبوونه‌وه‌ و پێداچوونەوەیان بە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کرد و سەرۆکوەزیرانی عێراق خواستی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە بۆ ئەنجامدانی هاوبەشی گەشەپێدان لەگەڵ وڵاتانی یەکێتی ئه‌وروپا لە بوارە جیاجیاکاندا.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌،  دیدارەکانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق لەگەڵ سەرکردەکانی ئەڵمانیا، فەرەنسا و ئیتاڵیا لەسەر رێگای هاوکاری و ئابووریه‌وه‌ بووه‌ و دروستکردنی پەیوەندیی هاوکاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئابوورییەکان و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و بونیاتنانی سەقامگیری و گەشەسەندنی بەردەوام.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: سوودانی ئاماژەی به‌ رێککەوتنی نێوان وەزارەتی دارایی و بانکی وەبەرهێنانی ئەوروپا كرد وهانی کۆمپانیا ئەوروپییەکانی دا بۆ بەشداریکردنیان لە کەرتی خزمەتگوزاری لە عێراقدا.

ئاماژەی بە گرنگی پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی حکومەتی یەکێتی ئەوروپاش کرد لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و گەڕانەوەی کەسانی داواکراو و پارە دزراوەکان.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: لای خۆیەوە ڤۆن دێر لاین پاڵپشتی خۆی بۆ سەرۆکوەزیران و بڕیارەکانی دەربڕی، هەروەها ئامادەیی هەموو وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بۆ هاوکاری و ئاڵوگۆڕکردن لەگەڵ عێراق، لە ژێر رۆشنایی هاوبەشی درێژخایەنەکاندا.