سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان چه‌ند دیدارێكی ئه‌نجامدا
K24 – هه‌ولێر:
له چوارچێوه‌ى به‌شداریكردن له كۆنفرانسى ئاسايشى ميونشن، ئه‌مڕۆ شه‌ممه (18ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، چه‌ند دیدارێكی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای وڵاتانی به‌شدار له كۆنفراسه‌كه ئه‌نجامدا.
له دیدارێكدا، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ سالم عه‌بدوڵڵا ئه‌لجابر ئه‌لسه‌باح، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى كوێت، په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ، دوايين پێشهاته‌كانى سووريا و ناوچه‌كه‌یان به‌گشتى تاتوێكرد.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا داكۆكييان له بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كانى كوێت له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه، هه‌ردوولا هاوڕابوون له‌سه‌ر گرنگيى پێكه‌وه‌كاركردن و لێكگه‌يشتنى وڵاتانى ناوچه‌كه بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى و چاره‌سه‌ركردنى ئاشتيانه‌ى كێشه‌كان.
له‌لايه‌كى ديكه‌وه، دۆخى سياسى، ئابوورى و ئه‌منيى عێراقيان تاوتوێكرد و وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى كوێت، پشتگيريى وڵاته‌كه‌ى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانيان و فه‌راهه‌مبوونى سه‌قامگيرى و خۆشگوزه‌رانى بۆ عێراق، دووپاتكرده‌وه.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ جۆزيپ بۆرێل، به‌رپرسى باڵاى كاروبارى ده‌ره‌وه و سياسه‌تى ئه‌منيى كۆمیسيۆنى يه‌كێتيى ئه‌وروپا كۆبووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ده‌رباره‌ى دوايين پێشهاته سياسى و ئه‌منييه‌كانى عێراق، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، شه‌ڕى دژى تيرۆر، په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى يه‌كێتيى ئه‌وروپا و ده‌رفه‌ته‌كانى فراوانكردنى زياترى هاريكاريى هاوبه‌شى نێوانيان، بيروبۆچوونيان گۆڕييه‌وه.
هه‌روه‌ها بۆرێل، جه‌ختی له به‌رده‌واميى پشتگيريى يه‌كێتيى ئه‌وروپا بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له شه‌ڕى دژى تيرۆر و پرۆسه‌ى بنياتنانى دامه‌زراوه‌كان و سه‌رخستنى گفتوگۆى هه‌ولێر ـ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان كرده‌وه، هه‌روه‌ها رايگه‌ياند كه ئارامى و سه‌قامگيرى و خۆشگوزه‌رانيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ يه‌كێتی ئه‌وروپا گرنگ و جێى بايه‌خه.
له‌لایه‌ن خۆيه‌وه نێچيرڤان بارزانى، سوپاسى وڵاتانى يه‌كێتيى ئه‌وروپاى كرد بۆ پشتيوانيى سه‌ربازى و مرۆيى و سياسى له هه‌رێمى كوردستان و عێراق و خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كان له هه‌موو بواره‌كاندا و فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌شى ئابوورى و ئه‌منى له‌گه‌ڵ وڵاتانى يه‌كێتيى ئه‌وروپا دووپاتكرده‌وه.
له دیدارێكی دیكه‌دا، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ شاندێكى په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانيا به سه‌رۆكايه‌تيى تۆماس ئيرندڵ جێگرى سه‌رۆكى كۆميته‌ى كاروبارى ده‌ره‌وه كۆبووه‌وه كه له ژماره‌يه‌ك له په‌رله‌مانته‌رانى هه‌ردوو پارتى (CDU) و (CSU) پێكهاتبوو.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌ڵمانيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، شه‌ڕى تيرۆر و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسييه‌كانى داعش، په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى داروسێ و ناوچه‌كه، خرانه به‌ر باس.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، نێچيرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانينى بۆ پشتگيريى سه‌ربازى و مرۆيى ئه‌ڵمانيا و په‌رله‌مانی وڵاته‌که‌ی له عێراق و هه‌رێمى كوردستان و درێژكردنه‌وه‌ى ئه‌ركى هێزه‌كانى له چوارچێوه‌ى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيدا له عێراق و هه‌رێمى كوردستان، هه‌روه‌ها بۆ ناساندنی کۆمه‌ڵکوژیی ئێزدییان به جینۆساید، دووپاتكرده‌وه.
له‌لایه‌ن خۆيانه‌وه، شاندى په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانيا رۆڵ و كاريگه‌ريى هه‌رێمى كوردستانيان له شه‌ڕى دژى تيرۆر و تێكشاندنى داعشدا به‌رز نرخاند و دووپاتيان كرده‌وه كه ئه‌ڵمانيا وه‌ك هاوبه‌شێك به بايه‌خه‌وه له په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت و پشتگيرى له ئارامى و سه‌قامگيريى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان ده‌كات.
هه‌ر ئه‌مڕۆ له میونشن، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ پۆڵ ريچارد گاڵاگه‌ر، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ڤاتيكان، كۆبووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وێڕاى په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ڤاتيكان، هه‌ردوولا دۆخى هه‌رێمى كوردستان و ره‌وشى پێكهاته ئايينييه‌كان، باروگوزه‌را‌نى ئاواره و په‌نابه‌ران له كه‌مپه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، دۆخى پێكهاته‌ى كریستیان له هه‌رێمى كوردستان و عێراقيان، تاوتوێكرد.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌نه‌دراوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ڤاتيكان، وێڕاى نيشاندانى پشتگيريى ڤاتيكان بۆ هه‌رێمى كوردستان، خۆشحاڵى و پێزانينى ڤاتيكان و قه‌داسه‌تى پاپاى بۆ ئه‌زموونى پێكه‌وه‌ژيان، يه‌كترقبووڵكردن و لێبورده‌يى له‌نێوان پێكهاته ئايينى و نه‌ته‌وه‌يييه‌كان له هه‌رێمى كوردستان دووپاتكرده‌وه، هه‌روه‌ها هه‌ڵوێستی مرۆڤدۆستى و ميوانپه‌روه‌ريى هه‌رێمى كوردستانى به‌رامبه‌ر به ئاواره كریستیانه‌كان و ئاواره‌كان به‌گشتى، به مايه‌ى رێز و ئه‌رێنى هه‌ڵسه‌نگاند.
له به‌رامبه‌ردا، نێچيرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستانى بۆ پشتگيريى ڤاتيكان و دواسه‌ردانى قه‌داسه‌تى پاپا بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و جه‌ختى له‌وه كرده‌وه كه هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌ميشه به لانكه‌ى پێكه‌وه‌ژيان، يه‌كترقبووڵكردن و لێبورده‌يى بۆ هه‌موو پێكهاته‌كان ده‌مێنێته‌وه.
هه‌ر ئه‌مڕۆ له میونشن، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان چاویكه‌وت به ئورسولا ڤۆن دێر لاين، سه‌رۆكى كۆمیسيۆنى ئه‌وروپا و باسيان له دوايين پێشهاته‌كانى شه‌ڕى دژى داعش، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان و كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا كرد.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ڤۆن دێر لاين دووپاتیكرده‌وه كه يه‌كێتيى ئه‌وروپا به بايه‌خه‌وه له په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت و به گرنگ و پێويستى زانى كه كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، له هه‌رێمى كوردستانيش كێشه ناوخۆييه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن. له‌مباره‌يه‌وه هه‌موو پشتگيرييه‌كى يه‌كێتيى ئه‌وروپاى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپاتكرده‌وه.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه، نێچيرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستانى بۆ پشتگيرى و هاوكاريى يه‌كێتى ئه‌وروپا له عێراق و هه‌رێمى كوردستان له هه‌موو بواره‌كاندا ده‌ربڕى و جه‌ختى له‌وه كرده‌وه كه هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌ميشه ئاماده‌يه هه‌موو كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكومه‌تى فيدراڵى عێراق به گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكات.
له‌درێژه‌ی دیداره‌كاندا، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ جه‌يمس كليڤه‌رلى، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى به‌ريتانيا كۆبووه‌وه.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ده‌رباره‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ريتانيا، دۆخى سياسى و ئابووريى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، گفتوگۆ و هه‌وڵه‌كانى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، پرسى وزه و ياساى نه‌وت و گاز له عێراق، گفتوگۆيان كرد.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه، وه‌زيرى ده‌ره‌وى به‌ريتانيا، به‌رده‌واميى پشتگيريى وڵاته‌كه‌ى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا دووپاتكرده‌وه و ئاماژه‌ى به‌وه‌دا كه به‌ريتانيا وه‌ك هاوبه‌شێك به بايه‌خه‌وه له په‌يوه‌ندييه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت و سه‌قامگيريى عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ ناوچه‌كه گرنگه.
هه‌روه‌ها نێچيرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستانى بۆ هاريكارى و پشتگيريى به‌رده‌وامى به‌ريتانيا ده‌ربڕى و جه‌ختى له خواستى هه‌رێمى كوردستان بۆ بره‌ودان به هه‌موو بواره‌كانى په‌يوه‌ندى له‌گه‌ڵ به‌ريتانيادا كرده‌وه، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا كه هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌ميشه به فاكته‌رى ئارامى و سه‌قامگيرى ده‌مێنێته‌وه.
هه‌ر له چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ میونشن، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ ئه‌نتۆنى بلنكن، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ريكا كۆبووه‌وه.
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكردووه‌ته‌وه، هه‌ردوولا ده‌رباره‌ی دوايين سه‌ردانى شاندى عێراق بۆ واشنتۆن و گفتوگۆكانى له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى ئه‌مه‌ريكا، بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر بنه‌ماى رێككه‌وتنى چوارچێوه‌ى ستراتيژيى نێوانیان و دۆخى عێراق، بیروڕایان گۆڕییه‌وه.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا پابه‌نديى وڵاته‌كه‌ى به په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپاتكرده‌وه، هه‌روه‌ها به بايه‌خه‌وه باسى له په‌يوندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا كرد كه زۆر گرنگه په‌يوه‌ندييه‌كى سه‌قامگيربێت و كێشه‌كانيان چاره‌سه‌ربكه‌ن.
هه‌روه‌ها سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، وێڕاى پێشكه‌شكردنى پوخته‌يه‌ك ده‌رباره‌ى دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، ئاماژه‌ى به گرنگيى به‌رده‌واميى پشتگيريى ئه‌مه‌ريكا بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌و ئالنگارييانه‌ى رووبه‌ڕووى ده‌بنه‌وه.
هه‌ر له چوارچێوه‌ى ديداره‌كانيدا له ميونشن، ئه‌مڕۆ شه‌ممه ، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له كۆبووه‌وه‌يه‌كدا له‌گه‌ڵ شاندێكى كۆنگرێسى ئه‌مه‌ريكى به سه‌رۆكايه‌تيى سيناتۆر ليندزى گراهام که له ژماره‌یه‌ک سیناتۆری هه‌ردوو پارتی کۆماری و دیموکرات پێکهاتبوو، باسيان لە په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد و شاندى كۆنگرێس به‌رده‌واميى پشتگيريى كۆنگرێسى بۆ هه‌رێمى كوردستان دووپاتكرده‌وه.
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له بڵاوكراوه‌یه‌كدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، دۆخى سياسى و ئابووريى عێراق، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، پرسى ئارامى و سه‌قامگيرى له رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو. هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى رۆڵ و پێگه‌ى عێراق بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيريى ناوچه‌كه و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى داعش.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له ميونشن، له كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا له‌گه‌ڵ ئه‌نكين هويتفيلدت، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى نه‌رويج، ده‌رباره‌ى بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ نه‌رويج گفتوگۆىكرد.
به‌پێی بڵاوكراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هويتفيلدت سوپاس و پێزانينى وڵاته‌كه‌ى بۆ رۆڵ و كاريگه‌ريى هه‌رێمى كوردستان له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تيرۆر و تێكشكاندنى داعشدا دووپاتكرده‌وه، هه‌روه‌ها ده‌ربارى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى نێوان حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى فيدراڵيى عێراق بۆ چاره‌سه‌ركردنيان، بيروڕاى له‌گه‌ڵ نێچيرڤان بارزانى گۆڕييه‌وه.
هه‌ر له ميونشن، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌يمه‌ن ئه‌لسه‌فه‌دى، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئوردن کۆبووه‌وه.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌ره‌تا ئه‌لسه‌فه‌دی، سڵاو و رێزی شا عه‌بدوڵڵای دووه‌می شای ئوردنی به نێچیرڤان بارزانی گه‌یاند، پاشان ده‌رباره‌ى بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئوردن و كاركردن بۆ فراوانكردنى چالاكيى بازرگانى و ئابوورى له‌نێوان هه‌ردوولادا، بيروڕايان گۆڕييه‌وه.
دۆخى سياسى و ئابوورى و ئه‌منيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو. تيايدا هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى وڵاتانى ناوچه‌كه بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى و بره‌ودانى زياتر به بواره‌كانى هاريكاريى هاوبه‌ش.
هه‌روه‌ها باسین له ئاماده‌يى و رۆڵى عێراق له‌سه‌ر ئاستى ناوچه‌كه و نێوده‌وڵه‌تى، دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه و چه‌ند پرسيكى جێى بايه‌خى هه‌ردوولا كرد.