له‌مه‌ودا مووچه‌ی خانه‌نشینانی سلێمانی له‌ رێگه‌ی پێنج نووسینگه‌وه‌ دابه‌شده‌كرێت

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، گۆڕانکاری لە شێوازی دابەشکردنی مووچە لە بانکەکانی سلێمانی دەکات و رایده‌گه‌یه‌نێت، لە رێگەی پێنج نوسینگەوە مووچەی خانەنشینان و بەشێک لە چین و توێژەکان دابەشدەکرێت.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ (18ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وه‌زاره‌تی داریی و ئابووریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرایكرد، لە چوارچێوەی بەرنامەی چاکسازی حکومەتی هەرێم، لە رێگه‌ی بانکی مەڵکەندی بەهاوکاری بانکی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی گۆڕانکاری لە شێوازی دابەشکردنی مووچە دەکات و لە رێگه‌ی پێنج نووسینگەوە مووچەی خانەنشینان و بەشێک لە چین و توێژەکان دابەش دەکات.

له‌لایه‌ن خۆیەوە، ماکوان جەمیل، بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی رایگەیاند، کردنەوەی ئەو نووسینگانە هەنگاوی یەکەمە بۆ رێکخستنەوەی سیستمی دابەشکردنی مووچەی خانەنشیان و لە داهاتوودا خزمەتی زیاتر بەو توێژە دەکرێت و چەندین کارئاسانیان بۆ ئه‌نجامده‌درێت.

هه‌روه‌ها ژیان سابیر، بەڕێوەبەری خانەنشینی سلێمانی رایگەیاندووه‌، لە بەرنامەیاندایە مووچەی سەرجەم خانەنشینان لە یەک بانکدا بەناوی بانکی خانەنشینی کۆبکەنەوە و بە سیستمێکی پێشکەوتوو مووچەی خانەنشینان دابەشبکەن کە ژمارەیان زیاتر لە 86 هەزار مووچەخۆرە و لەو ژمارەیە نزیکەی 50 هەزاریان خانەنشینی مەدەنین و نزیکەی 36 هەزاریشیان خانەنشینی سەربازین.