ئاماری نوێی قوربانیانی بوومەلەرزە ئاشکرا دەکرێت

پاشماوەی بوومەلەرزەکە
پاشماوەی بوومەلەرزەکە

K24 – هەولێر

دەزگای كاره‌سات و دۆخه‌ له‌ناكاوه‌كان له‌ توركیا (ئافاد) دوایین ئاماری قوربانیانی بوومەلەرزەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، له‌ ئه‌نجامی بوومەلەرزەکان 40 هەزار و 642 کەس گیانیان لەدەستداوە.

یونس سەزەر، سەرۆکی سه‌رۆكایه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی كاره‌سات و دۆخه‌ له‌ناكاوه‌كان له‌ توركیا (ئافاد) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا،  له‌ ئه‌نجامی بوومەلەرزەکانی قەهرەمانمەڕەش، 40 هەزار و 642 کەس گیانیان لەدەستداوە. بوومەلەرزەکان لە 11 پارێزگا و نزیکەی 10 هەزار گەڕەک کاریگەربوون.

 ئاماژەی بەوەشدا، لە دوای 6ی شوباتی 2023ـەوە تائێستا زیاتر لە پێنج هەزار و 700 پاشلەرزە روویداوە.

گوتیشی: "چەند هاووڵاتییەک هەبوو کە لە 13هەمین رۆژی کارەکانی گەڕان و رزگارکردندا رزگار کران. بەداخەوە ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەمانەشمان بەرزبووەتەوە کە گیانیان لەدەستداوە".

سه‌رۆكی ئافاد جەختی لەوە کردەوە رێکارەکانی گواستنەوەی لێقەوماوان لە ناوچە کارەساتبارەکانەوە بۆ پارێزگاکانی دیکە، بەردەوامە و رایگه‌یاند: "تا ئێستا زیاتر لە 430 هەزار کەس گوازراونەتەوە و لە میوانخانە گشتییەکان و هۆتێلەکان و شوێنەکانی دیکەی نیشتەجێبوون.

رۆژی (6ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك  بە گوڕی 7.4 به‌ پلەی رێختەر چه‌ند ناوچه‌یه‌كی توركیا و سووریای هەژاند. بوومه‌له‌رزه‌كه‌ لە باشووری کوردستان و وڵاتانی سووریا، میسر، یونان، ئێران و چه‌ند وڵاتی دیكه‌ی ناوچه‌كه‌ هه‌ستیپێكرا.