لە ساڵی 2014ـەوە پێنج ساڵ پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق رەوانە نەکراوە

ساڵی رابردوو تەنیا 400 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان رەوانەکراوە
لەساڵی 2014ـەوە پێنج ساڵ هیچ بڕە پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە نەکراوە
لەساڵی 2014ـەوە پێنج ساڵ هیچ بڕە پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە نەکراوە

K24 - هەولێر:

مامەڵە داراییەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق لەدوای ساڵی 2003ـه‌وه‌، بە دوو قۆناغ تێپەڕێوە، قۆناغی یەكەم: لە ساڵی 2004ـه‌وه‌ تاكو ساڵی 2014، تێیدا پشكی هەرێمی كوردستان لە یاسای بودجە بە 17% دیاریدەكرا، بەڵام لە دوای 2014 قۆناغێكی نوێ‌ له‌ ململانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق لەسەر شایستە داراییەكان دەستپێكردووە و تا ئێستا پشكی هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای بودجەی عێراق رەوانە نەكراوە.

لە ساڵی 2014 بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بە بڕیارێكی نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتەی عێراق بڕدرا، بەبیانووی ئەوەی كە هەرێمی كوردستان داهاتی خاڵە گومركییەكانی رادەست ناكات و نەوتەكەی بەشێوەیەكی سەربەخۆ دەفرۆشێت، بیانووی هەرێمی كوردستانیش ئەوەبوو كە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بە 17٪ دیاری كراوە، بەڵام هیچ ساڵێك ئەو بەشە بودجەیه‌ی بۆ رەوانە نەكراوە و پاش دەركردنی خەرجییە سیادی و حاكیمەكان 17٪ رەوانە كراوە كە دەیكردە نزیکەی 12٪ كۆی بودجەی عێراق.

دوای تێپەڕبوونی نزیكەی 10 ساڵ بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان نەنێردراوە، تەنیا چەند جارێك نەبێت كە بەڕێككەوتنی سیاسی بڕە پارەی جیاواز لە بەغداوە بۆ هەرێمی كوردستان هاتووە، بەڵام ئەویش سیفەتی بەردەوامی نەبووە.

لە ساڵی 2014 تاكو ئێستا سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی ناوەند، بەڵام دەستپیشخەریكی ئەوتۆ لەلایەن عێراقەوە نەبووە و هەر جارێك لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە چەند مەرجێك دانراوە و چەند كۆسپێك خراوەتە بەردەم رێككەوتنەكە.

لە 2014ە بەدواوە ماوەی پێنج ساڵ هیچ بڕە پارەیەك لەلایەن عێراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان نەنێردراوە و 4 ساڵیش كەمتر لە 50٪ی ئەو بڕە پارەیەی لەسەری رێككەوتون رەوانەكراوە.

بەجۆرێك كە لەساڵی 2014 پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا بڕی 19.99 ترلیۆن دینار بووە، بەڵام كەمتر لە  2.8 ترلیۆن دینار نێردراوە، واتە ئەو بەشە كە نەهاتووە 17.71 ترلیۆن دینارە.

ساڵی 2015 پشكی هەرێمی كوردستان 14.81 ترلیۆن دینار بووە، بەڵام تەنیا 2.47 ترلیۆن دینار نێردراوە، واتە لە پشكی خۆی 12.34 ترلیۆن دیناری كەمتر بۆ رەوانە كراوە.

ساڵی 2016 و 2017 دا هیچ بڕە پارەیەك لە چوارچێوەی بەشە بودجەدا رەوانە نەكراوە.

ساڵی 2018 بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بە 6.67 ترلیۆن دینار دیاری كراوە، بەڵام 3.17 ترلیۆن دینار رەوانە كراوە، واتە ئەو بڕی كە نەهاتووە بریتییە لە 3.59 ترلیۆن دینار.

ساڵی 2019 پشكی هەرێمی كوردستان بە 9.78 ترلیۆن دینار دیاری كراوە، بەڵام تەنیا بڕی 5.43 ترلیۆ دینار رەوانە كراو و بڕی 4.34 ترلیۆن دینار رەوانە نەكراوە. لە ساڵەكانی 2020 و 2021 و 2022 وەك بەشە بودجە هیچ بڕە پارەیەك بۆ هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە رەوانە نەكراوە.

بەڵام بەرێككەوتنی سیاسی چەند جارێك مانگانە 200 ملیار دینار رەوانەی هەرێمی كوردستان كراوە بۆ نمونە ساڵی 2022 تەنیا دووجار بووە.

ئەمساڵیش واتە لەساڵی 2023  دوای تیپەڕبوونی زیاتر لە 45 رۆژ هیچ بڕە پارەیەك رەوانە نەكراوە، لەكاتێكدا ریككەوتنێكی پێشوەختە لەسەرەتای دروستبوونی كابینەكەی سوودانی هەبووە كە بڕی 400 ملیار دینار رەوانە بكرێت بەڵام بەبڕیارێك ئەویش راگیراوە.

768