"واشنتن سزای نوێ به‌سه‌ر رووسیادا دەسە‌پێنێت"

K24 - هەولێر

ئيداره‌ی ئه‌مه‌ریكا، پلان داده‌نێت بۆ سه‌پاندنی پاكێجێكی نوێی سزاكان بە سه‌ر رووسیا، سزاكانیش كارده‌كاته‌ سه‌ر كه‌رتی وزه‌ و پیشه‌سازی سه‌ربازی.

بەگوێرەی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ، رێوشوێنە سنووردارەکان کاریگەری لەسەر "کەرتی بەرگری و وزەی رووسیا، دامەزراوە داراییەکان دەبێت، جگە لەوەش پێشبینی دەکرێت ئەمەریکا رێوشوێن بگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە هەوڵەکان بۆ دەربازبوون لە سزاکان و پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ رووسیا لە رێگەی وڵاتانی سێیەم.

پێشتر ڤیکتۆریا نولاند جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری سیاسی رایگەیاندبوو، ئەمەریکا و هاوبەشەکانی كۆمه‌ڵه‌ی حەوت، بەنیازن لە ساڵیادی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی تایبەت رووسیا دژی ئۆکرانیا سنووردارکردنی بەردەوام بەسەر رووسیادا بسەپێنن.

بە گوتەی نولاند، سزاکان توندتر و فراوانتر دەکرێن لە رووی سنووردارکردنی دابینکردنی تەکنەلۆژیاکانی پیشەسازی بەرگری رووسیا، هەروەها کەرەستەی تەکنەلۆژیای بەرز.

نولاند، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو سنووردارکردنانە کاریگەرییان لەسەر ئەو کەسانە دەبێت کە یارمەتی دەسەڵاتدارانی رووسیا دەدەن بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی و دەربازبوون لەو سزایانەی کە پێشتر به‌سه‌ریان داسه‌پاندووه‌.

پێشتر ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی رووسیا رایگەیاندبوو، رووسیا لە ئێستادا لەژێر فشاری سزای بێ کۆتایی وڵاتانی دوژمن دایه‌، بەڵام بە هێمنی مامەڵەیان لەگەڵ دەکات.