وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیارێک بۆ خوێندکارانی هەرێم لە تورکیا دەردەکات

باڵه‌خانه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ هه‌ولێر
باڵه‌خانه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ هه‌ولێر

K24 - هەولێر:

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە خوێندنی خوێندکارانی هەرێمی کوردستان لە زانکۆکانی تورکیا بەشێوەی ئۆنلاین، بڕیاردەدات بەماوەی مانەوە بۆیان هەژماربکرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە (21ـی شوبات/فێبرایەری 2023) وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاریدا، ماوەی خوێندن لە نێوان بەرواری (6ـی شوباتی 2023 تاوەکو 1ـی نیسانی 2023) بە ماوەی مانەوە بۆ خوێندکارانی هەرێمی کوردستان لە زانکۆکانی تورکیا هەژماربکرێت.

لە بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵادا ئاماژە بە بڕیاری ئەنجوومەنی خوێندنی باڵای تورکیا (یۆک) کراوەتەوە، کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6ی شوباتی ئەو وڵاتەوە، بڕیاریداوە پرۆسەی خوێندن لە زانکۆکانی وڵاتەکەی بکاتە شێوازی ئۆنلاین.

سەبارەت بەو خوێندکارانەی هەرێمی کوردستان کە تاوەکو ئێستا دەستیان بە خوێندن نەکردووە لە زانکۆکانی تورکیا، ئەوا وەزارەتی خوێندنی باڵا داوایکردووە خوێندنەکەیان دوابخەن بۆ وەرزی خوێندنی داهاتوو، واتە دەستپێکردنی خوێندن لەم وەرزەی خوێندن بەشێوازی ئۆنلاین قبوڵکراو نییە.

هەروەها سەبارەت بە بەشە پزیشکییەکان و ئەو بەشانەی وانەی پراکتیکییان هەیە، بەهۆی ئەوەی ئەنجوومەنی خوێندنی باڵای تورکیا هیچ بڕیارێکی لەبارەی شێوازی خوێندنەکەیانەوە نەداوە، بۆیە وەزارەتی خوێندنی باڵاش، چاوەڕوانی بڕیاری ئەو ئەنجوومەنە دەکات بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بڕیاری پێویست بۆ خوێندنی خوێنداکارانی هەرێم لەو بەشانە لە زانکۆکانی تورکیا بدات.

لە خاڵێکی دیکەی بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵادا هاتووە، سەبارەت بەو خوێندکارانەی پێشتر لە زانکۆکانی تورکیا دەستیان بە خوێندن کردووە، ئەگەر هەر بڕیارێک پەیوەست بە خوێندنەکەیان لەلایەن ئەنجوومەنی خوێندنی باڵای تورکیاوە رانەگەیەندرابوو، ئەوا بەگوێرەی رێکارەکانی زانکۆکەیەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

ده‌قی بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا
ده‌قی بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا