پرۆفیسۆرێکی کورد چەند پێشنیازێک بۆ پاراستنی پرۆژەکانی هەرێمی کوردستان لە بوومەلەرزە دەخاتەڕوو

پ. د. عومەر، سەرۆکی بۆردی چاپتەری کوردستان
پ. د. عومەر، سەرۆکی بۆردی چاپتەری کوردستان

K24 - هەولێر:

پ. د. عومەر، سەرۆکی بۆردی چاپتەری کوردستان لە پەیمانگای کۆنکرێتی ئەمەریکی چەند رێنماییەکی تایبەت بە پاراستنی پرۆژەکانی هەرێمی کوردستان لە بوومەلەرزە خستەڕوو.

سەرۆکی بۆردی چاپتەری کوردستان لە وۆرکشۆپی پاراستنی هەرێمی کوردستان لە بوومەلەرزە لە میانەی گوتارێکیدا ئاماژەی بەوەدا، زۆر هۆکار هەن کە کاریگەرییان هەیە لەسەر بەرگەنەگرتنی پرۆژەکان.

باسی لەوەشکرد، لەو هۆکارانە (شوێنی پرۆژەکە، ئەو خاک و خۆڵەی پرۆژەکەی لەسەر دروست دەکرێت، دیزاینی پرۆژەکە، جێبەجێکردنی پرۆژەکە، کوالیتی کۆنترۆڵ و ئەو کەرەستانەی بەکاردەهێندرێن) هەریەک لەم هۆکارانە ئەگەر کەمتەرخەمییان تێدا بکرێت، کاریگەری نەرێنیان دەبێت لەسەر پرۆژەکە.

پ.د. عومەر  گوتیشی: لەپێناو ئەنجامدانی پرۆژەکان بە کوالیتی بەرز و پاراستنی هەرێمی کوردستان لە بوومەلەرزە، لەبواری دیزاینکردن و جێبەجێکردن و تێستیکردنی کەرەستەی بیناکان پێویست دەکات کۆدەکانی ئەمەریکی (ACI, IBC, ASCE, ASTM) بەکاربهێندرێت.

ناوبراو گوتیشی: بۆ رێکخستنی ئەم پرۆژەیەش لە کوردستان، پێویستیان بە چەند رێنماییەک هەیە، ئەوانیش:

- دیزاینەری پرۆژەکان پابەند بن بە ستانداردەکان.

- رێگە نەدرێت دیزاینەرە بیانییەکان، لەکاتی دیزاینکردنی پرۆژەکان پشت بە کۆدی وڵاتەکەی خۆیان ببەستن.

- گرنگیدان بە دیزاینەرەکانی هەرێمی کوردستان، تا کەمتر پێویستمان بە دیزاینەری بیانی هەبێت.

- هەرچی زووە هەوڵبدرێت بە دانانی کۆد و ستانداردی تایبەت بە هەرێمی کوردستان.

- گۆڕانکاری لەو رێنماییانە بکرێت کە زۆر کۆنن و تا ئێستا لە کوردستان پەیڕەو دەکرێن.

پ. د. عومەر باسی لەوەشکرد، ئەوان وەک ACI بۆردی چاپتەری کوردستان، بۆ پاراستنی پرۆژەکانی هەرێمی کوردستان، ئەم پێشنیازانە دەخەنەڕوو:

- داوا لە زانکۆکانی کوردستان بکرێت، بەشێك لە توێژینەوەکانیان تایبەت بکەن بە کاریگەرییەکانی بوومەلەرزە لەسەر پرۆژەکان و چۆنێتی پاراستانیان.

- توێژینەوە لەسەر چۆنێتی پاراستنی پرۆژە کۆنەکان، شوێنەوارەکان و پرۆژە خزمەتگوزارییەکان.

- دانانی سەنتەرێكی زانستی بۆ پاراستنی پرۆژەکان و گیانی هاووڵاتیان لەکاتی روودانی کارەساتە لەناکاوەکان و ئامادەکردنی کارمەندی لێهاتوو بۆ ئەو مەبەستە.

- دیارکردنی ئەو شوێنەنانەی کە بۆ دروستکردنی باڵەخانەی بەرز گونجاون و تەنیا لەو شوێنەنانە مۆڵەتیان پێبدرێت.

- دەستەی رووبەڕووبوونەوەی کارەسات، بە فەرمی لیژنەی خۆی بۆ ئەو ناوچانە بنێرێت کە بوومەلەرزە تێیاندا روویداوە، بەمەبەستی ئەنجامدانی توێژینەوە لەسەر هۆکارەکانی روودانی بوومەلەرزە لەو شوێنانە.

- دیاریکردنی کەرەستەی بەکارهاتوو کە کاریگەری بوومەلەرزە کەمدەکاتەوە

- رووپێویەکی تەواوی پرۆژەکان بکرێت و پۆلێن بکرێن.

- دیزاینەرەکان لەلایەن سەندیکا و یەکێتی ئەندازیارانەوە پۆلێن بکرێن، لە پرۆژە گرنگەکانیش وابشترە چەند کەسێک لە دیزاینی پرۆژەکەدا بەشداری بکەن، تاوەکو کەمترین هەڵەش روونەدات.

- دەستنیشانکردنی کۆمپانیای بەئەزموون بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە گرنگەکان، هەڵبژاردنیان تەنیا لەسەر بنەمای کەمترین نرخ نەبێت، بەڵکو بەشێكی لەسەر بنەمای بەڵگەنامەی کاری هاوشێوە بێت.

- دەستنیشانکردنی لیژنە یان نووسینگەیەکی بەئەزموون لە کوالیتی کۆنترۆڵ بۆ کاتی ئەنجامدانی پرۆژەکان.

- دەستنیشانکردنی کەرەستەی باش بۆ پرۆژەکان و چاوپۆشینەکردن لەو کەرەستانەی لە تێست دەرنەچوون.

پەیمانگەی کۆنکرێتی ئەمەریکی، کاری سەرەکی بریتیە لە دەرکردنی کۆد و ستاندارد و رێنمایی تایبەت بە کەرەستە و دیزاین و بینای کۆنکرێتی، کە نزیکەی سەدەیەکە لەم بوارەدا کار دەکەن و لە 94 وڵات لقیان هەیە.