به‌ تۆمه‌تی پاڵپشتی دارایی داعش دادگەی کەنەدا سزای كوردێك دەدات

ئاسۆ پشدەری
ئاسۆ پشدەری

K24 - هەولێر:

ئاسۆ پشدەری، کە لە خێزانێکی کورد لەدایکبووە و هەڵگری رەگەزنامەی کەنەدایە، بەتۆمەتی هاندانی هاووڵاتیانی کەنەدی بۆ چوونە نێو داعش و دابینکردنی پاڵپشتی دارایی بۆ رێکخراوەکە سزا دەدرێت.

بە گوێرەی هەواڵێكی وێبسایتی "گڵۆبڵ نیوز"، ئاسۆ پشدەری دانی بە هەموو ئەو تۆمەتانەدا ناوە کە لێکۆڵەرانی فیدراڵی لە کەیسەکەی ئاسۆدا ئاماژەیان پێداوە.

وێبسایتەکە باسی لەوەکرد، بڕیارە رۆژی پێنجشەممە (23ـی شوبات) ئاسۆ پشدەری لە دادگەی ئۆنتاریۆ سزای تاوانەکانی دیاری بکرێت.

سۆلۆمۆن فریدمان، پارێزەری ئاسۆ لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی دادگەی کردووە، ئاماژەی بەوەداوە، ئاسۆ دان بە تۆمەتەکاندا دەنێت و هیواخوازە لەسەر ئەو بنەمایە دادگە بەردەوامی بە دانیشتنەکانی بدات.

ئاسۆ پشدەری لە ساڵی 2015 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کەنەداوە بە تۆمەتی پیلانگێڕی و هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ دوو هاووڵاتی کەنەدی کە دواتر پەیوەندییان بە داعشەوە کردووە، دەستگیرکرا.

جۆن ماگوایەر و خدر خالید، ئەو دوو هاووڵاتیە کەنەدیە بوون کە دەوروبەری ساڵی 2012 بوونە ئەندامی داعش و چوونە سووریا، ئێستاش دەنگۆی ئەوە هەیە یەکێکیان لە سووریا و ئەوی دیکە لە رۆژئاوای کوردستان کوژرابن.

جۆن ماگوایەر و خدر خالید و ئاسۆ پشدەری
جۆن ماگوایەر و خدر خالید و ئاسۆ پشدەری

ئاسۆ دوای دەستگیرکردنی، بەوە تۆمەتبار کرا، کە لە گەشتی ئەندامە نوێیەکانی داعش، پاڵپشتی دارایی ئەو رێکخراوەی کردووە.

ئاسۆ پشدەری کە لە فرۆشگایەکی گەورەدا لە کەنەدا کاری کردووە، خوێندکاری کۆلێژی ئەلگۆنکوین بووە و لە ساڵی 2010 جارێك دەستگیرکراوە، بەڵام ئەوکات ئازاد کراوە.

ئاسۆ پشدەری
ئاسۆ پشدەری

لە ساڵانی رابردوودا دەیان هاووڵاتی کەنەدی بۆ چوونە نێو داعش، بەرەو سووریا و عێراق گەشتیان کردووە و ژمارەیەکیان کوژراون و، ئەوانەشی کە لە ژیاندان دەستگیرکراون.