مەسرور بارزانی یەکەم پۆرتاڵی ڤیزای ئەلیکترۆنی هەرێمی کوردستانی راگەیاند

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکەم پۆرتاڵی ڤیزای ئەلیکتۆنی هەرێمی کوردستانی راگەیاند، کە بەشێكه‌ لە کارنامەی حکومەت لە بواری بەدیجتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە توویتێکدا ئاماژەی بەوەدا، بڕیارە بە ئەلیکرۆنیکردنی کاروبارەکانی حکومەت تا کۆتایی 2025 تەواو بێت.

مەسرور بارزانی لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە لە هەژماری فەرمی خۆی لە توویتەر بڵاویکردووەتەوە، گوتی: لە چوارچێوەی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە حکومەت پێشکەشیان دەکات، ئێمە ئێستا پرۆژەی E-Visa (ڤیزای ئەلیکترۆنی)مان خستووەتە بەردەست.

سەبارەت بە ئامانجی دامەزراندنی ئەم پرۆژەیە، مەسرور بارزانی روونیکردەوە، کە ئەم پرۆژەیە یارمەتیدەر دەبێت بۆ هەموو ئەو کەسانەی دەیانەوێت بە مەبەستی گەشتوگوزار یان وەبەرهێنان سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، لەرێگەی ئەم پرۆژەیەوە سەردانیکەرانی هەرێمی کوردستان دەتوانن بە ماوەیەکی کورت بە ئۆنلاین ڤیزاکەی خۆیان وەربگرن.

مەسرور بارزانی دەستخۆشی لە وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری کرد لەپای ئەوەی، خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانیان لە پێشینەی کارەکانیاندایە و پابەندن بە کارنامەی وەرچەرخانی دیجیتاڵییەوە.

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای پێکهێنانینەوە، کاری لەسەر بونیاتنانی ژێرخان و پتەوکردنی، پێگەی هەرێمی کوردستان کردووە.

پرۆژەی ڤیزای ئەلیکترۆنیش، یەکێکە لە پرۆژە گرنگەکانی کابینەکە کە یارمەتیدەردەبێت لە بوژاندنەوەی کەرتی گەشتیاری هەرێمی کورستان و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات.