وەزیری دەرەوەی ئێران: پێشکەوتنی عێراق دەبێتە هۆی بەهێزبوونی ئێران

فوئاد حوسێن: ئەنجامی سەردانەکەی واشنتنمان بۆ شاندی ئێران خستەڕوو
فوئاد حوسێن - حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان / فۆتۆ: AFP
فوئاد حوسێن - حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان / فۆتۆ: AFP

K24 – هەولێر

وەزیری دەرەوەی ئێران بە سەردانێک لە بەغدایە و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەروەی عێراق رایگەیاند: پێشکەوتنی عێراق دەبێتە هۆی بەهێزبوونی ئێران و ناوچەکە. هاوکات فوئاد حوسێن گوتی: ئەنجامی کۆبوونەوەکانی واشنتنمان بۆ شاندی ئێران خستەڕوو.

فوئاد حوسێن، وەزیری دەروەی عێراق گوتی: "بەغدا بووەتە سەنتەر جووڵەی دیپلۆماسی، هەم لە رووی هەرێمییەوە هەمیش نێودەوڵەتی. ئەمڕۆ بە گەرمی پێشوازیمان لە وەزیری دەرەوەی ئێران کرد".

گوتیشی: "سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ بەغدا گرنگە و لە کۆبوونەوەکەماندا کۆمەڵێک بابەتمان تاوتوێکرد، وەک پرسی ئەمنی و سنوورییەکان، هەروەها کۆمەڵێک تێگەیشتن لەنێوانماندا هەیە و حکومەتی عێراق کۆمەڵێک رێکاری بۆ پاراستنی سنوورەکان گرتووەتەبەر، ئێمە پەیوەستین بە پاراستنی سنوورەکانمانەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد: "پرسی ئابووری تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەمان بوو، باس لەو شایستە داراییانە کرا کە هی ئێرانن و لای عێراقە، ئەوەی پەیوەستە بە کڕینی غاز و کارەباوە، جەختمان لەوەکردەوە کە بابەتی ئێران بەشێک بووە لە گفتوگۆکانمان لە واشتن".

فوئاد حوسێن، باسی لەوەکرد کە ئەنجامی سەردانەکەی واشنتنیان بۆ وەزیری دەرەوەی ئێران خستووەتەڕوو، گوتی: "وەکو عێراق هەوڵدەدەین ئەمەریکا و ئێران بگەنە لێکتێگەیشتن، هیوادارین هەردوولا بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ بەتایبەتی درێژە بە گفتوگۆکانی ڤەینا بدەن کە پەیوەستە بە رێککەوتنی ئەتۆمییەوە".

لای خۆیەوە حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "ئێمە دڵخۆشین بەوەی کە فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراقە".

گوتیشی: "ئێران پاڵپشتی عێراقێکی یەکگرتوو، سەربەخۆ و بەهێز دەکات، جەختمان لەوەکردەوە کە ئێمە بەردوامبوون لە پشتیوانی بۆ عێراق کردەوە، بۆ ئەوەی چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن، هەروەها پاڵپشتی خۆمان بۆ حکومەتی عێراق دووپاتکردەوە بۆ چەسپاندنی دۆخی سیاسی و ئەمنی، حکومەتی عێراق و گەلەکەی چەندین ئاڵنگاریان بە سەرکەوتووی تێپەڕاندووە، ئەمەش خاڵێکی گرنگ و بەهێزە بۆ عێراق، پێشکەوتنی عێراق دەبێتە هۆی بەهێزبوونی ناوچەکە و ئێرانیش. ئێمە و عێراقییەکان یەک گەلین لە دوو وڵاتی جیاوازدا".

وەزیری دەرەوەی ئێران، ئاشکرشی کرد: "رەشنووسی فراوان کردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانمان ئامادەکردووە و رادەستی وەزیری دەرەوەی عێراقمان کردووە، هەوڵدەدەین بگەین بە رێککەوتنی کۆتایی و بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان".

وەزیری دەرەوەی ئێران، سوپاسی فوئاد حوسێنی کرد، کە هەوڵیداوە بۆ نێوەندگیری لەنێوان ئێران و وڵاتانی ناوچەکە و رۆژئاوا بۆ لێکتێگەیشتن و لێک نزیکردنەوەیان.