دۆزینەوەی ملیۆنان دۆلاری ژێر داروپه‌ردووی بوومەلەرزە مشتومڕی لێدەکەوێتەوە

له‌ توركیا ملیۆنان دۆلار له‌ژێر داروپه‌ردووی خانووه‌ رووخاوه‌كان ده‌دۆزرێنه‌وه‌

K24 - هەولێر

دۆزینەوەی ملیۆنان دۆلار لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکانی توركیا، بووه‌ته‌ مشتومڕ له‌ وڵاته‌ و پرسیاری ئه‌وه‌ لای هاووڵاتیان دروستكردووه‌، كه‌ بۆچی خه‌ڵك پاره‌ له ‌بانك دانانێن و له‌ماڵه‌وه‌ هه‌ڵیده‌گرن.

توركیا ژماره‌یه‌كی زۆری فه‌رمانبه‌رانی وه‌كو تیمی فریاگوزاری خسته‌ خزمه‌تی زیانلێكه‌وتووانه‌وه‌، یه‌كێك له‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و رزگارکردندا کرد، جانتایەکی له‌ژێر داروپه‌ردوودا دۆزیەوە کە چوار ملیۆن دۆلاری تێدابوو.

مەهمەت عوزێر ئۆسلو، وەک کارمەندێک لە یەکێک لە شارەوانییەکانی ویلایەتی کۆنیا کاردەکات، لە ویلایه‌تی هاتای، له‌کاتی بەشداریکردنی لە ئۆپەراسیۆنەکانی فریاکەوتن، جانتاییه‌كی دۆزیوەتەوە و رادەستی پۆلیسی کردووە.

لە رووداوێکی دیکەدا، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە کە بەشدارییان لە تیمەکانی گەڕان و فریاگوزاریدا کردووە لە دیلۆك، دوو ملیۆن دۆلاریان لەنێو داروپەردووی باڵەخانەکایه‌كدا دۆزیوەتەوە و له‌ناو جانتایه‌كدا بووه و‌ رادەستی پۆلیسیان كردووه‌.

جەعفەر یه‌ڵماز سەرۆکی بەشی ئاگرکوژێنەوە لە شارەوانی دیلۆك رایگەیاند، ئەو بڕە پارە زەبەلاحە لە تەنیشت کەسێکەوە دۆزراوەتەوە کە لەلایەن تیمەکەوە رزگاركراوه‌ و دەشڵێت "زۆر رووداوی لەو جۆرە هەیە کە لەکاتی کارەکەماندا رووبەڕوومان دەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، زۆر کەلوپەلی بەنرخ، وەکو زێڕ و پارە، دۆزراونەتەوە و ڕادەستی خاوەنەکانیان کراون، یان هەرچی دەیبینین رادەستی پۆلیس دەکەین.

گالێب دوردۆ، سەرۆکی ئەو تیمەی پارەکەیان دۆزیوەتەوە، رایگەیاند، هەوڵدەدەن خەڵک لەژێر داروپەردوو دەربهێنن، ئەوە لە پێشینەی کارەکانیان بووە:

لە ناحیەی ئۆرهان گازی سەر بە مەڕەش، تیمەکانی گەڕان و فریاگوزاری دراوی بیانی و زێڕیان بە بەهای 500 هەزار لیرەی تورکی دۆزیەوە، لەژێر داروپەردووی شوقەیەک لە بینای مێرڤ لە گۆڕەپانی ئیفتا، کە تیمێکی 15 خۆبەخشی دەستبەجێ دوای بوومەلەرزەکە کاریان تێدا دەکرد.

هەروەها تیمێکی فریاگوزاری رووسی لە کاتی لابردنی داروپەردوو لە باڵەخانەیەکی شوقەیه‌كدا دەفرێکیان دۆزییەوە کە 150 هەزار دۆلاری تێدابووه‌، پارەکەش رادەستی پۆلیس کرا.

ئەم بڕە پارە زەبەلاحانە بووە هۆی مشتومڕێكی زۆر لە سۆشیال میدیا، سەبارەت بە هۆکاری هێشتنەوەی بڕە پارەیەکی زەبەلاحی ملیۆنان دۆلاری لە ماڵەکاندا، كه‌ ئایا ئه‌و پارەیه‌ گوماناوییە کە خاوەنەکانی دەترسان بیخەنە بانکەکانەوە، یان ترسیان له‌وه‌ هه‌بووه‌ له ‌بانک دایبنێن دواتر نه‌توانن وه‌ریگرنه‌وه‌ به‌هۆی قەیرانی دراوی بیانی لە تورکیا.