رووسیا: مافی ئەوەمان هەیە بە چەکی ئەتۆمی خۆمان بپارێزین

K24 - هه‌ولێر:

دمیتری مێدڤێدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا رایگه‌یاند، "رووسیا مافی ئەوەی هەیە بە هەر جۆرە چەکێک بە چەکی ئەتۆمییشەوە خۆی بپارێزیت".

رۆژی چوارشه‌ممه‌ (22ـی شوبات/فێبرێوه‌ری 2023)، دمیتری مێدڤێدێڤ، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی رووسیا لە راگەیەندراوێکدا کە لە پێگەی فەرمی خۆی لە تێلێگرام بڵاوی کردووەتەوە لەبارەی بڕیاری رووسیا بۆ هەڵپەساردنی بەشداریکردن لە پەیماننامەی کەمکردنەوەی چەکە ستراتیجییە نوێیەکان (START) کە ئامانج لەو پەیماننامە بۆ ئەوەیە توانای مووشەکی بالیستیی ئەتۆمی کیشوەربڕی رووسیا و ئەمریکا رێگەی لێ بگیرێت، روونکردنەوەی دا.

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا، بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەگەر ئەمریکا بیەوێت رووسیا شکست بهێنێت، ئەوا پێکدادانێکی جیهانیی لێ دەکەوێتەوە، رایگەیاند: "رووسیا مافی ئەوەی هەیە بە هەر جۆرە چەکێک بە چەکی ئەتۆمییشەوە خۆی بپارێزیت".

مێدڤێدێڤ بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەمریکا "هەموو جۆرە کارێکی خراپی کردووە" بەرامبەر رووسیا، گوتی: "ژمارەیەکی زۆر چەکی بۆ ئۆکراینا دابین کردووە و هەوڵ دەدات رووسیا شکست بهێنێت، بەڵام ئاسایشی ستراتیجیی بابەتێکی دیکەیە. بەشێوەیەکی گشتیی پەیوەندی نییە بە پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و ئەمریکا".

دمیتری مێدڤێدێڤ بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی کە ئەو هەڵوێستەی حکوومەتی ئەمریکا نیشانی داوە هەڵەیەکی گەورەیە، گوتی: "ئەم هەڵەیە لە هەستی خۆ بە باڵا نیشاندانەوە سەرچاوە دەگرێت. تەواوی هێزە بەجێیەکان هەست بەوە دەکەن ئەگەر ئەمریکا بیەوێت رووسیا شکست بهێنێت، پێکدادانێکی جیهانیی لێ دەکەوێتەوە. رووسیا مافی ئەوەی هەیە بە هەر جۆرە چەکێک بە چەکی ئەتۆمییشەوە خۆی بپارێزیت".

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە بەهۆی هەنگاوەکانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ئەندام لە ناتۆ، رووسیا بڕیاری هەڵپەساردنی داوە لە پەیماننامەی کەمکردنەوەی چەکە ستراتیجییە نوێیەکان، گوتی: "ئەمە بڕیارێکە کە جیهان و بە تایبەتیش ئەمریکا بە دەنگ دەهێنێت کە لە بەرامبەر ئەم جەنگە دراوە ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ئەندام لە ناتۆ لە دژی وڵاتی ئێمە رایانگەیاندووە".

دمیتری مێدڤێدێڤ گوتەکانی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین-ی بیر هێناوەتەوە کە گوتبووی "شکستپێهێنان بە رووسیا لە گۆڕەپانی جەنگ روو نادات"، دەڵێت: "بەتەواوی لەبەر ئەم هۆیە رووسیا بۆ دۆخی ئێستا پەیماننامەی کەمکردنەوەی چەکە ستراتیجییە نوێیەکان هەڵپەساردووە. ئەمریکا با بیر لەوە بکاتەوە کە لە چیدا سەرکەوتووبووە لەگەڵ ئەو دەستەبژێرەی لە راستی دوور کەوتوونەتەوە. با سەیری کاردانەوەی فەڕەنسا و بەریتانیایش بکەین کە هێزەکانی دیکەی ناتۆن. هێزەکانی ئەتۆمی ستراتیجیی ئەوان لە کاتی ئامادەکردنی رێککەوتنەکانی ئەمریکا و رووسیا بەشدار نەبوون، ئیدی کاتی بەشداریکردنی ئەوان هاتووە."