چەندین ساڵە ژمارەیەک خێزانی کورد لە تکریت دەژین

هاووڵاتییەکی کورد لە تکریت: باوکم هەمووکات ئامۆژگاری دەکردین و دەیگوت زمانی دایک لەبیر نەکەن
kurdistan24.net

K24 - تکریت

كورد لە تكریت مێژوویەكی درێژی هەیە، لەدێر زەمانەوە  بەهۆكاری جیاواز سەدان خێزانی كورد لەو شارە نیشتەجێبوونە، بەشێكیان شارەكەیان بۆ هەرێمی كوردستان جێهێشتووە، بەشێكیشیان تائێستا ماونەتەوە. لەدوای  ساڵی 2003ـەوە ژمارەیەك وەبەرهێنەری كورد چوونەتە تكریت و دەیان پڕۆژەیان جێبەجێكردووە.

محەممەد سوڵتان باجەلانی، هاووڵاتییەکی كوردی دانیشتووی تکریتە بە کوردستان24ی گوت: "لە ساڵی 1947 باوکم هاتووەتە تکریت، من و براکانم لێرە لە دایک بووین، ئێمە لێرە درێژەمان بە ژیان و کەسابەتی خۆمان داوە و کێشەمان نەبووە".

دەشڵێت: "باوکم هەمووکات ئامۆژگاری دەکردین و دەیگوت زمانی دایک لەبیر نەکەن".

كورد لە تکریت مێژووییەكی زۆری هەیە، بەپێی كات و سەردەمەكانیش ژمارەیان گۆڕانكاری بەسەرداهاتووە. ساڵ بە ساڵ ژمارەیان بەرەوكەمبوونەوە دەچن، بەڵام جێپەنجەیان دیارە و كاریگەریی گەورەیان لەسەر ئاوەدانكردنەوەی شارەکەدا هەیە.

پاشماوەكانی شەڕ لە تکریت، كاولكاری زۆری جێهێشتووە، لە دوای ئازادكردنی شارەكە لەدەستی داعش، وەبەرهێنەرانی كورد روویان کردووەتە ئەوێ و ئەزموونی كارەكانیان لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ ئەوێ گواستووەتەوە.

لەزگین حەسەن حەیران، زیاتر لە 10 ساڵە لە تکریت كاری وەبەرهێنان دەكات و بە كارەكانی بووەتە جێگەی متمانەی خەڵكی ئەو شارە و دەڵێت: "ئەو کارو پڕۆژانەی لە کوردستان جێبەجێمان کردون دەمانەوێت لێرەش بیکەین".

سەرەڕای ئاوەدانکردنەوەی شارەکە، بەڵام لەگەڵ هاتنی داعش زیانی زۆر بەر هەندێک وەبەرهێنەری کورد کەوتووە، وەبەر‌ینەرێکی کورد لە تکریت بەناوی عەزیزفارس بە کوردستان24ی راگەیاند: "کاتێک داعش هات بەهۆی شەڕەوە بەشێک لە خانووەکانمان رووخان، هەروەها نزیکەی 40 خانوومان ئاوارەکان تێیدا نیشتەجێبوون، نزیکەی 35 خانووشمان رووخاون، تائێستا قەرەبوو نەکراوینەتەوە".

ژمارەی كورد لە تكریت پێشتر بە نزیکەی هەزار خێزان مەزەندە دەكرا، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ئەمنی و سیاسی و رووداوەكانەوە، ژمارەیان بۆ نزیكەی 150 خێزان كەم بووەتەوە.