ئەمه‌ریکا ئاسانکاری کردووە تاوه‌كو رێکخراوە جیهانییەکان بە هانای خەڵکی سووریاوە بچن

K24 - هه‌ولێر:

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، سزا سه‌پپێندراوه‌كانی سەر سووریا رێگریان نه‌كردووه‌ بۆ گه‌یاندنی كۆمه‌ك و هاوكارییه‌كان بۆ ئه‌و وڵاته‌.

رۆژی چوارشەممە (22ـی شوبات/فێبرێوه‌ری 2023)، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، پاش بوومەلەرزەکە، سزا سه‌پپێندراوه‌كانی سەر سووریا رێگریان نه‌كردووه‌ بۆ گه‌یاندنی كۆمه‌ك و هاوكارییه‌كان بۆ ئه‌و وڵاته‌ و ئەوان سوود لەو دەرفەتە وەردەگرن تاوه‌كو پێداویستی و ئامێری تەندروستی بگه‌یه‌نێته‌ سووریا کە بە هۆی شەڕەوە کاول بووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی رێکخراوەکە، ئەو دۆخەی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە هاتووەتە ئاراوە دەرفەتێکە تاوه‌كو بەپەلە هەندێک خزمەتگوزاریی تەندروستی لە ناوچه‌ وێرانبووەکانی سوریا بونیادبنێنەوە.

رێکخراوەکە هەروەها داوای له‌ لایەنەکانی سووریا کردووە بوومەلەزەکە وەکو هەلێک بۆ کۆتایی پێهێنانی یەکجارەکی شەڕی نێوخۆی ئەو وڵاتە بقۆزنەوە.

واشنتن بۆ ماوەیەکی کاتی چاوپۆشی لە بەشێک لە سزاکانی سەر سووریا دەکات، بەو هیوایەی هاوکارییە مرۆییەکان بە خێرایی بۆ زیانلێکەوتوانی بومەلەرزەکە بگوازرێنەوە.

ڕیچارد برێنان، بەڕێوەبەری فریاگوزاری ناوچەیی رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست سەر بە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە شاری عەنتابی تورکیاوە گوتی: "ئێستا رێکخراوی تەندروستی جیهانی زۆر بە خێرایی لەگەڵ هاوبەشەکانمان کار دەکەین تاوه‌كو سوود لە چاوپۆشی کاتی سزاكان وەربگرین. ئێمە وێرای هاوبەشەکانمان لە نەتەوەیەکگرتوەکان لە ئێستاوە دەستمان کردووە بە داواکردنی کەلوپەلی پێویست تاوه‌كو پێکەوە سوود لەو دەرفەتە وەربگرین. چوونکە، دەرمان، ڤاکسین، ئامێری تیشک و کەلوپەلی نەشتەرگەری زۆر پێویستن''.

لە دوای بوومه‌له‌رزه‌كه‌ تا ئێستا چوار فڕۆکەی پڕ لە پێداویستی یارمەتییە مرۆییەکانیان گەیاندراونەتە سووریا.