ئه‌مه‌ریكا‌ له ‌نزیك بوونه‌وه‌ی مۆسكۆ و په‌كین‌ نیگه‌رانه

K24 - هەولێر

ئه‌مه‌ریكا نیگه‌رانی خۆی ده‌ربڕی له‌ نزیك بوونه‌وه‌ی زیاتری چین و رووسیا، رایدەگەیەنێت: په‌كین بیر له‌دابینكردنی چه‌ك بۆ مۆسكۆ  ده‌كاته‌وه‌.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، واشنتن نیگەرانە لە به‌ره‌وپێشچوونه‌كانی هاوپەیمانێتی نێوان چین و رووسیا، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ دێت ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا ستایشی "ئاسۆ نوێیەکانی" پەیوەندییەکانی لەگەڵ پەکین کرد .

سەردانەکەی "شی جین بینگ" سه‌رۆكی چین بۆ رووسیا لە کاتێکدایه‌، کە واشنتن رایگەیاندبوو، چین بیر لە دابینکردنی چەک بۆ رووسیا دەکاتەوە بۆ شەڕەکەی ئۆکرانیا، ده‌شڵێت: ئەمه‌ هەنگاوێکە بۆ پەرەسەندنی شه‌ڕی رووسیا و ئۆکرانیا.

رۆژی چوارشەممە 22/2/2023، ڤلادیمێر پوتن سه‌رۆكی رووسیا  لە کۆشکی کرملین چاوی بە وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین کەوت و له‌دیداره‌كه‌ رایگەیاند، کە ئاڵوگۆڕی بازرگانی دوو قۆڵی نێوان هەردوو وڵات زۆر باشترە لەوەی پێشبینی دەکرا.

 گوتیشی: بەمزووانە دەتوانێن ئاستی بازرگانی بگه‌یەنینه‌  200 ملیار دۆلاری  ساڵانە، كه‌ له‌ ساڵی رابردوو 185 ملیار دۆلار بووه‌.

پوتن بە وانگ-ی گوتووە لەسەر ئەوە رێککەوتین " كه‌ چاوەڕێی سەرۆکی کۆماری گەلی چین دەکەین سەردانی رووسیا بکات".

 ئاماژەی بەوەشکرد: هەموو شتێک بەرەوپێشچوون و گەشەسەندندایە، گەیشتوینەتە ئاسۆیه‌كی نوێ.

نێد پرایس گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، سەردانەکەی وانگ بۆ رووسیا لە سەروبەندی یەکەمین ساڵیادی جەنگدا بەڵگەی زیاترە لەسەر هاوپەیمانی نێوان پەکین و مۆسکۆ.

پرایس راشیگەیاند "ئێمە نیگەرانین، چونکە ئەم دوو وڵاتە دیدگایەکیان هەیە، ئه‌م دیدگایەش وڵاتە گەورەکان دەتوانن وڵاتە بچووکەکان بچه‌وسێننه‌وه و سنوورەکان بە زۆر بکێشرێنەوە".

گوتەبێژه‌كه‌ی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ده‌شڵێت: "تا ئێستا نەمانبینیوە چین هاوکاری جه‌نگ پێشکەش بە رووسیا بکات، بەڵام پێمان وانییە ئەوانیش یارمەتییەکانیان لە سەر مێزەکە لابردبێت".