20 ئۆتۆمبێلی فریاكه‌وتن و ئاگركوژێنه‌وه به‌سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی به‌رگری شارستانیدا دابه‌شكران
K24 - هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان 20 ئۆتۆمبێلی فریاكه‌وتن و ئاگركوژێنه‌وه‌ی به گوژمه‌ی زیاتر له نۆ ملیار دینار به‌سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی به‌رگری شارستانی لە گشت پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی ھەرێمی كوردستاندا دابه‌شكرد.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه (23ـی شوبات/فێبرێوه‌ری 2023)، هێمن میرانی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "له‌سه‌ر راسپارده و پاڵپشتی راسته‌وخۆی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ 130 كارمه‌ند و شۆفێر دوای ته‌واوكردنی راهێنانیان له‌سه‌ر ئۆتۆمبێلی رزگاركردنی تایبه‌تمه‌ند، كه یه‌كه‌مجاره له هه‌رێمی كوردستان له بواری به‌رگری شارستانی به‌كارده‌هێندرێت، هه‌شت ئۆتۆمبێلی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ تیمی راهێندراو، پێشكه‌شی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی به‌رگری شارستانی ده‌كرێن".
زیاتر گوتی، "جگه له‌و هه‌شت ئۆتۆمبێله‌ی رزگاركردن، شه‌ش ئۆتۆمبێبلی دیكه‌ی ئاگر كوژێنه‌وه كه "چوار فی چوار"ـی پێده‌ڵێن، كه بۆ شوێنی شاخاوی و ناوچه‌ی سه‌خت به‌كارده‌هێندرێت و، شه‌ش ئۆتۆمبێلی دیكه كه بۆ ناو شار به‌كارده‌هێندرێن پێشكه‌شی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی به‌رگری شارستانی كراون".
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "گوژمی پڕۆژه‌كه زیاتر له نۆ ملیار دیناره و به‌شداری و زیاده‌یه‌كی زۆر گرنگ و نوێیه بۆ بواری به‌رگری شارستانی له هه‌رێمی كوردستان".