کاتژمێرە زیرەکەکەی ئەپڵ دەتوانێت چاودێری نەخۆشی شەکرە بکات بەبێ وه‌رگرتنی خوێن

K24 - هەولێر: 

گۆمپانیای ئەپڵ هەنگاوێکی گەورە دەچێتە پێش بۆ چاودێری شەکرەی خوێن بە کاتژمێرە زیرەکەکەی.

کۆمپانیای ئەمەریکی ئەپڵ لە نوێترین داهێنانی زانستی و تەکنەلۆژیدا، هەنگاوێکی گەورە دەچێتە پێش بۆ چاودێریكردنی رێژەی گلوکۆزی خوێن (شەکرەی خوێن) و وێبسایەتی Bloomberg رایگەیاند، ئەپڵ تەکنەلۆژیایەکی دروستکردووە بەبێ بڕینی پەنجە بۆ وه‌رگرتنی دڵۆپە خوێن، Apple Watch (کاتژمێری زیرەکی ئەپڵ) دەتوانێت چاودێری رێژەی شەکرە لەناو خوێندا بکات.

وێبسایتی بلوومبێرگ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ئەم هەنگاوەی ئەپڵ ئێستا لە قۆناغی تاقیکردنەوەیە، هێشتا ئەپڵ بە فەرمی ئاشکراینەکردووە، بەڵام لە نەوەی داهاتووی کاتژمێری زیرەکەکەی ئەپڵدا بۆ بەکارهێنەرانی ئاشکرایدەکات.

كۆمپانیای ئەپڵ لە ساڵی 2010ـەوە پەرە بەو تەکنەلۆژیایە ده‌دات، هه‌وڵده‌دات بەبێ دڵۆپە خوێن رێژەی شەکرە بزانێت، ئەمەش هاوکارییەکی گەورەی پزیشک و نەخۆشەکان دەکات تا بەردەوام چاودێری رێژەی شەکرە بکەن لەناو خوێندا.

ئەو تەکنەلۆژیایە لە رێگەی ئاگادارییەوە (Notification) بەکارهێنەر ئاگاداردەکاتەوە لە بەرزبوونەوە یان نزمبوونەوەی رێژەی شەکرەی خوێن، لەسەر شاشەی ئایفۆن یان كاتژمێره‌كه‌ی ئەپڵ.

پێشبینی دەکرێت ئەو تەکنەلۆژیایە ئەمساڵ لەگەڵ نەوەی نوێی ئەپڵ واچ ئاشکرابکرێت کە ساڵانە لە وەرزی پایزدا كۆمپانیای ئەپڵ ئاشکرایان دەکات و بڵاویاندەکاتەوە.