رۆبۆت بە دەنگی مرۆڤ وەڵامی پەیوەندییەکان دەداتەوە

K24 - هەولێر:

تایبەتمەندییەكی نوێ، به‌رهه‌مه‌مانی كۆمپانیای سامسۆنگ له‌ بواری رۆبۆت و ژیری دەستکرد دەباتە ئاستێکی دیکە.

یاریدەدەری دەنگی یەکێکە لەو تایبەتمەندییانەی کۆمپانیاکانی بواری ته‌كنه‌لۆژیا بە داهاتووی ئه‌و بواره‌ وەسفی دەکەن، سامسۆنگ، ئەپڵ و گووگڵ پێشکەوتنی بەرچاویان تۆماركردووه‌، سامسۆنگ بە یاریدەدەری دەنگی "بیگسبی" دەیەوێت پێشەنگ بێت.

نوێترین داهێنانی سامسۆنگ لەو بوارە، وەڵامدانەوەی پەیوەندی تەلەفۆنییە لەلایەن ئەو رۆبۆتە زیرەکە، سامسۆنگ دەڵێت بیگسبی دەتوانێت بە چەند وشەیەک دەنگی بەکارهێنەرەکەی وەرگرێت، و دەتوانێت لاسایی بکاتەوە، بەکارهێنەر دەتوانێت چەند وشەیەک بنوسێت، لەکاتی وەڵام دانەوە ئەو رۆبۆتە ئەو وشانە یان رستانە بە دەنگی بەکارهێنەر دەخوێنێتەوە.

ئەو تایبەتمەندییە لە چەند حاڵەتێکی دیارکراو سودێکی گەورەی بۆ بەکارهێنەر هەیە، بەتایبەتی بەکارهێنەر گەر لە حاڵەتێکدا نەتوانێت وەڵامی پەیوەندی بداتەوە لەهەمان کاتدا بیەوێت بە چەند وشەیەک وەڵامێکی دەنگی هەبێت، دەتوانێت بەو شێوەیە پەیامەکەی بگەیەنێت.

سامسۆنگ دەڵێت لە چەند رۆژی داهاتوو ئەو تایبەتمەندییە بۆ سەرجەم بەکارهێنەرانی مۆبایلەکانی سامسۆنگ بەردەست دەبێت.