به‌ختیار شاوه‌یس: لاهور شێخ جه‌نگی ده‌ست به جموجۆڵی سیاسی ده‌كاته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
كه‌سایه‌تییه‌كی نزیك له لاهور شێخ جه‌نگی دووپاتیده‌كاته‌وه، دوای بڕیاره‌كه‌ی دادگا سه‌باره‌ت به گێڕانه‌وه‌ی مافی یاسایی هاوسه‌رۆكی، لاهور شێخ جه‌نگی ده‌ست به جموجۆڵه سیاسی و دیپلۆماسییه‌كانی ده‌كاته‌وه.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه (23ـی سوبات/فێبرایه‌ری 2023)، له‌میانی به‌شداریكردن له به‌رنامه‌ی باسی رۆژی كوردستان24 كه ژینۆ محه‌ممه‌د پێشكه‌شیكرد، به‌ختیار شاوه‌یس، په‌رله‌مانتاری پێشووی عێراق و كه‌سایه‌تی نزیك له لاهور شێخ جه‌نگی رایگه‌یاند، په‌یامه‌كه‌ی دوێنێی لاهور شێخ جه‌نگی دوو ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی له‌خۆگرتبوو، یه‌كێكیان په‌یوه‌ندی به رێكخستنه‌وه و كاری پێكه‌وه‌یی له‌ناوخۆی یه‌كێتی هه‌بوو، دووه‌میانیش له رووی یاساییه‌وه پاڵپشت به فه‌رمانی دادگا، له‌مه‌ودوا ده‌توانێت له چوارچێوه‌ی یه‌كێتیدا ئه‌ركه‌كانی خۆی راپه‌ڕێنێت.
له‌باره‌ی دۆخی ناوخۆیی یه‌كێتی، به‌ختیار شاوه‌یس جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌كرده‌وه، كه یه‌كێتی له دۆخێكی خراپدایه و روونیكرده‌وه، له‌سه‌ر ئاستی جه‌ماوه‌ری ده‌نگی یه‌كێتـی دابه‌زیوه و گله‌یی زۆر له‌لایه‌ن ئه‌ندام و تێكۆشه‌رانی ئه‌و حزبه هه‌یه به‌هۆی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی یه‌كێتی ئێستا په‌یڕه‌وی ده‌كات، هه‌روه‌ها له‌دوایین هه‌ڵبژاردنیش ده‌نگه‌كانی یه‌كێتی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌میكردووه، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، "یه‌كێتی له‌سه‌ر ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانیدا له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه لاوازبووه و له‌گه‌ڵ پارتی گه‌یشتووه‌ته بنبه‌ست و دۆخی سلێمانیش تادێت خراپترده‌بێت"
به‌ختیار شاوه‌یس هه‌نگاوه‌كانی داهاتووی لاهور شێخ جه‌نگی ئاشكراكرد و رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی به‌ده‌م په‌یامه‌كه‌ی لاهور شێخ جه‌نگییه‌وه نه‌یێت، ئه‌وا هه‌ر له چوارچێوه‌ی یه‌كێتیدا، لاهور شێخ جه‌نگی ده‌ست به جموجۆڵی سیاسی ده‌كاته‌وه و سه‌ردانی لایه‌نه‌كانی هه‌رێم، به‌غدا كونسوڵخانه‌ی وڵاتان له هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.
له به‌شێكی دیكی قسه‌كانیدا، ئه‌و كه‌سایه‌تییه نزیكه‌ی لاهور شێخ جه‌نگی ئاماژه‌ی به‌وشه‌كرد، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت له‌سه‌ر بنه‌مای رێزگرتن له بڕیاری دادگا، له‌مه‌ودا له هه‌ر پرسێكی په‌یوه‌ست به یه‌كێتی، راوبۆچوونی لاهوری شێخ جه‌نگی، وه‌ك هاوسه‌رۆكی ئه‌و حزبه وه‌ربگرێت.
سه‌باره‌ت به پرسی هه‌ڵبژاردنه‌كان، به‌ختیار شاوێس جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگی هه‌ڵبژادنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌مساڵدا كرده‌وه و رایگه‌یاند، پاڵپشتی هه‌وڵه‌كان ده‌كه‌ن بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن و كاراكردنه‌وه‌ی كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان و له‌باره‌ی هه‌ڵوێست و چۆنیه‌تی به‌شداریكردنیشیان روونیكرده‌وه، چاوه‌ڕێی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی واده‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن و "ئه‌گه‌ر براده‌رانی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ئاماده‌نه‌بوون له‌گه‌ڵمان بێنه ناو هه‌ڵبژاردن، ئه‌وكات ئێمه‌ش بڕیاری خۆمان ده‌بێت".