"هەوڵەکان بۆ ئەندامییه‌تی سوید و فینلەند لە ناتۆدا چڕبووه‌ته‌وه‌"

ئاڵای سوید و فنله‌ندا و ناتۆ
ئاڵای سوید و فنله‌ندا و ناتۆ

K24 – واشنتن / رەحیم رەشیدی:

رۆژی پێنجشەممە، ینس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ ئاشکرایکرد، سەبارەت بە پرسی ئەندامییەتی سوید لە ناتۆدا، لە دانیشتنە چەقبەستوەکاندا لەگەڵ تورکیا، پێشکەوتن بەدی دەکرێت. 

سکرتێری ناتۆ بە ئاژانسی رۆیتەرزی گوتوە: ''لەگەڵ ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا رێککەوتوون لەسەر ئەوەی تورکیا، فینلاند و سوید لە ناوەڕاستی مانگی سێدا لە بارەگای ناتۆ کۆببنەوە، بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگانەی لەم بابەتەدا ڕووبەڕوومان دەبنەوە''«

بڕیارە کۆبونەوەی لوتکەی ناتۆ لە 11-12ی مانگی 7ا لە لیتوانیا بەڕێوە بچێت

ستۆڵتنبێرگ لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا بۆ رۆیتەرز گوتی: " پێشکەوتن دەبینم. ئامانجم ئەوەیە هەردوو وڵاتی فینلاند و سوید تا کاتی لوتکەی ناتۆ ئەندامێتی تەوایان هەبێت." .

دانوستانەکانی نێوان فینلاند، سوید و تورکیا لە مانگی یەکەوە وەستاوە، پاش ئەوەی لە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە ستۆکۆڵم ''ڕاسموس پالودان''، سیاسەتمەداریکی توندڕەوی راسترەو قورئانی پیرۆزی سوتاند.

دوای هێرشەکەی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە ساڵی ڕابردوو، سوید و فینلاند کە هەردووکیان سنووری ئاوییان لەگەڵ رووسیادا هەیە، بڕیاریان دا بۆ پاراستنی خۆیان پەیوەست بە ناتۆوە بن.

لە سەرەتاوە تورکیا دژی ئەندامەتی هەردوو وڵات بوو دەنگی بۆ پەسەندکردنی داواکەیان نەدا. له‌ ئێستادا تورکیا رایگەیاندوە، داواکەی فینلاند بۆ بە ئەندام بوون لە ناتۆدا پەسەند دەکات.

تورکیاو هەنگاریا دوو هاوپەیمانی ناتۆن کە تا ئێستا داوای ئەندامەتی فینلاند و سویدیان لە ناتۆدا پەسەند نەکردووە. چاوەرێ دەکرێ بوداپێست لە مانگی مارس داوای هەر دوو وڵات پەسەند دبکات.

سکتێری ناتۆ باسی لەوەش کردوە، ئەگەر بێتوو سوید و فینلەند رووبەرووی هەر هەڕەشەیەکی رووسیا ببنەوە ئەوا ناتۆ بێدەنگ نابێت.

 پێشتر سەرۆکی رووسیا ڤلادیمێر پوتین گوتبووی: ''پەیوەست بوونی سوید و فینلاند بە ناتۆ هیچ مەترسییەکی بۆسەر رووسیا نابێ، به‌ڵام ئەگەر ناتۆ بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا ژێرخانی سەربازی لەو دوو وڵاتە بەهێز بکات، مۆسکۆ وەڵامی دەداتەوە''

لە بەندی 5ی هاوپەیمانێتی ناتۆدا هاتوە کە هێرش بۆ سەر هەر وڵاتێکی ناتۆ وەکوو هێرشکردنە بۆ گشت وڵاتانی ئەندامی ناتۆ.