پارتی له‌ كه‌ركووك: لە رێگەی رێککەوتنێكی روون لەگەڵ حکومەتی عێراق، دەگەڕێینه‌وه‌ كه‌ركووك

"لە سەختترین دۆخی ناهەمواردا كه‌ركووكمان لە داعش پاراست"
لۆگۆی پارتی دیموكراتی كوردستان
لۆگۆی پارتی دیموكراتی كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

مەکتەبی رێکخستنی پارتی له‌ کەرکووک و گەرمیان، رایده‌گه‌یه‌نێت، پارتی لە رێگەی رێککەوتنێكی روون لەگەڵ حکوومەتی عێراق، دەگەڕێتەوە كه‌ركووك و سەرجەم بارەگاکانی دەکاتەوە.

ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 24ـی شوبات / فێبرایه‌ری 2023)،  مەکتەبی رێکخستنی پارتی له‌ کەرکووک – گەرمیان، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: جار نا جار، لێدوانی میدیایی هەڕەشەئامێز، دژ به‌ ئاسایش و سەقامگیری کەرکووک ده‌بیسترێن، ئامانج لێی له‌باربردنی هەر هەنگاوێکی ئاشتییانەیه‌، کە دەبێتە مایەی چەسپاندنی ئاسایش و ئاشتیی لە پارێزگای كه‌ركووك.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، ئەم لێدوانە بە باقوبریقانە، ناتوانن ئەو رێبازە سیاسی، ئاشتیی و یاساییەمان بگۆڕن، کە بۆ راستکردنەوەی هەموو ئەو هەلومەرجە نائاساییانەی لە پارێزگاکەدا زاڵن، گرتوومانەتە بەر.

جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌، هەموو پێکهاتە ئازیزەکانی کەرکووک دڵنیاده‌كه‌ینه‌وه‌، پارتی دەگەڕێتەوە و لە رێگەی رێککەوتنی روون و راستەوخۆ لەگەڵ حکوومەتی عێراق، سەرجەم بارەگاکانی له‌ كه‌ركووك دەکاتەوە.

مەکتەبی رێکخستنی پارتی له‌ کەرکووک – گەرمیان، دووپاتیده‌كاته‌وه‌، لە سەختترین دۆخی ناهەمواردا ئەم شارەیان لە داعش پاراستووه‌.