نوێترین وێستگەی هایدرۆپاوەر لە هەرێمی کوردستان لەسەر زێی گەورە دروستدەکرێت

پڕۆژەی هایدرۆپاوەری دێرەلووک
پڕۆژەی هایدرۆپاوەری دێرەلووک

K24 - هه‌ولێر:

پڕۆژەی هایدرۆپاوەری دێرەلووک كه‌ دەکەوێتە ناحیەی دێرەلووک لە قەزای ئامێدی و لەسەر زێی گەورە دروستدەکرێت، رێژەی 95٪ـی کارەکانی دروستکردنی تەواو بوونه‌.

ئه‌مڕۆ هه‌ینی (24ـی شوبات/فێبرێوه‌ری 2023)، فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكردووه‌ته‌وه‌: پڕۆژەی هایدرۆپاوەری دێرەلووک، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێترین وێستگەی هایدرۆپاوەرە لە هەرێمی کوردستان و کارەبا لە ئاو بەرهەمدەهێنێت.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، وێستگەکە دەکەوێتە ناحیەی دێرەلووک لە قەزای ئامێدی و لەسەر زێی گەورە دروستدەکرێت. رێژەی 95٪ـی کارەکانی دروستکردنی تەواو بووە و گوژمەکەی 151 ملیۆن دۆلارە، ئەمە جگە لەوەی کە 50 هەلی کاری بۆ هاووڵاتییان رەخساندووە.

سەگڤان شەوکەت، ئەندازیاری میکانیکی لە پڕۆژەی هایدرۆپاوەری دێرەلووک، سەبارەت بە توانای بەرهەمهێنانی وێستگەکە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری راگەیاند: "وێستگەکە لە دوو تۆربایین پێکهاتووە و توانای بەرهەمهێنانی 37.2 مێگاوات کارەبای هەیە".

لەبارەی بەرهەمی ئێستای وێستگەکەوە، حەسەن یوسف، بەڕێوەبەری پڕۆژەی هایدرۆپاوەری دێرەلووک، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری راگەیاند: "لەئێستادا وێستگەکە کەوتووەتە کار و بەرهەمی هەیە، بەڵام بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوی زێی گەورە، بەرهەمی رۆژانەی تەنیا 7 مێگاوات کارەبایە".

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌: وێستگەی هایدرۆپاوەری دێرەلووک، جگە لەوەی کە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان، لەهەمانکاتدا بە دۆستی ژینگە دادەنرێت و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر پیسبوونی ژینگە نییە، ئەمە جگە لەوەی دەبێتە هۆکارێکیش بۆ باشتربوونی دۆخی کارەبا و کێشەی ڤۆڵتییەی ناوچەکەش، چارەسەر دەکات.