"لە ماوەی ساڵێکدا 461 منداڵ لە ئۆكرانیا بەهۆی جەنگەوە گیانیان لەدەستداوە"

دوو منداڵی ئۆكرانی
دوو منداڵی ئۆكرانی

K24 - هه‌ولێر:

دمیترۆ لوبینێتس، کۆمیسیاری دیوانی سکاڵای ئۆکرانیا ئاشکرا کرد کە بەهۆی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا، تا ئێستا 461 منداڵ گیانیان لەدەستداوە و تا کۆتایی ساڵی رابردوو لە ئۆکرانیا، شەش هەزار و 447 منداڵی بێسەرپەرشت تۆمارکراون.

ئه‌مڕۆ هه‌ینی (24ـی شوبات/فێبرێوه‌ری 2023)، دمیترۆ لوبینێتس، کۆمیسیاری دیوانی سکاڵای ئۆکرانیا لە یەکەمین ساڵیادی دەستپێکی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا، له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌ونیدا له‌باره‌ی زیانه‌ گیانی و ماددییه‌كانی جه‌نگه‌كه‌وه‌ قسه‌یكرد و رایگه‌یاند، دیاریکردنی ژمارەی تەواوی ئەو ئۆکرانییانەی لە دەستپێکی جەنگەوە تا ئێستا وڵاتەکەیان بەجێهێشتووە، قورسە. ئەوەشی ئاشکراکرد، بەگوێرەی زانیارییەکانی کۆمسیۆنی باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، لە 20ی شوباتدا زیاتر لە هەشت ملیۆن ئۆکراینی لە ئەوروپا هەبوون و لەو ژمارەیەش نزیکەی پێنج ملیۆنیان لە چوارچێوەی پڕۆگرامە جیاوازەکانی داڵدەدانی وڵاتانی ئەوروپا، تۆمارکراون.

ناوبراو باسی لەوەش کرد کە نازانرێت لە ئێستادا چەند هاووڵاتی ئۆكرانی لە خاکی رووسیا و بێلاڕووسدا نیشتەجێن، ئاماژەی بەوەشدا کە هیچ زانیارییەکیان نییە دەربارەی ئەوەی کە چەندێکیان بەخۆویستانە لەوێ چوونەتەدەر و چەندێکیان بەزۆر سنوورداش کراونەتەوە.

دمیترۆ لوبینێتس گوتیشی: "بەگوێرەی زانیارییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، لە 24ی شوباتی 2022ه‌وه‌ زیاتر لە 15 ملیۆن کەس ئۆکرانیایان جێهێشتووە".

کۆمیسیاری دیوانی سکاڵای ئۆکراینا، ئەوەشی دووپات کردەوە کە منداڵان بەهۆی ئەم جەنگەوە زەرەرمەند بوون و رایگەیاند: "بەهۆی ئەو جەنگەی کە رووسیا هەڵیگیرساندووە نزیکەی 520 هەزار منداڵی ئۆکرانی لە دەرەوەی وڵات ژیان بەسەردەبەن. رەنگە سەدان هەزار منداڵی دیکەش هەبن کە تۆمار نەکرابن، چونکە رووسیا، رێگری لە گەیشتن بە هەموو زانیارییەکانی ئەو ئۆکرانییانە دەکات کە بەشێوەی نایاسایی سنوورداش دەکرێنەوە. ژمارەی ئەم منداڵە تۆمار نەکراوانەش بە نزیکەی 150 هەزار منداڵ دەخەمڵێنین".

لوبینێتس، باسی لەوەش کرد کە لە دەستپێکی جەنگەوە تا ئێستا 461 منداڵ گیانیان لەدەستداوە و رایگەیاند: "ئەمە ژمارەی کۆتایی نییە، بۆ دیاری کردنی ئەم ژمارەیە کارەکان لەو ناوچانە بەردەوامن لە بەشێوەیەکی کاتی داگیر کراون، یان ئازاد کراون (دووبارە کۆنترۆڵکراونەتەوە) یانیش پێکدادانەکان تیایاندا درێژەیان هەیە".

دمیترۆ لوبینێتس ئەوەی خستەڕوو کە تا کۆتایی ساڵی رابردوو لە ئۆکراینا، شەش هەزار و 447 منداڵی بێسەرپەرشت تۆمارکراون و هەزار و 233 لەو منداڵانەش بەهۆی جەنگی رووسیاوە بێسەرپەرشت بوون، گوتیشی: "لە ئێستادا زۆرینەی ئەم منداڵانە کە چوار هەزار و 161 منداڵن بە شێوەیەکی کاتی لەلایەن خزم و ناسیاوەکانیانەوە سەرپەرشتییان دەکرێت. ئەوانی دیکەشیان لەلایەن خێزانی پارێزەرەوە سەرپەرشتییان دەکرێت".

ناوبراو باسی لەوەش کرد کە لە ئۆکرانیا دوو هەزار و 826 منداڵی بێسەرپەرشت گوازراونەتەوە بۆ ناوچە ئارامەکان و پێنج هەزار و 325 منداڵیش نێردراونەتە دەرەوەی وڵات.

ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە کاتی جەنگەکەدا پێشێلکاری زۆر بەرامبەر بە منداڵان ئەنجامدراوە، جەنگ کاریگەری لەسەر لایەنی دەروونی 1.5 ملیۆن منداڵی ئۆکراینی دروست کردووە و 5.7 ملیۆن منداڵیش بەهۆی جەنگەوە لە خوێندن دابڕاون.

له‌ 24ـی شوباتی 2022، به‌ فه‌رمانی ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیا هێرشكرایه‌سه‌ر خاكی ئۆكرانیا و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ سه‌ربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی بوون، تا ئێستاش ئه‌و جه‌نگه‌ به‌رده‌وامه‌.