لە پڕۆژەكانی تكریت دوو ترلیۆن دینار دیار نەماوە

پردێك لە تكریت ماوەی 11 ساڵە تەواو نەكراوە
kurdistan24.net

K24 - تکریت

بەهۆی گەندەڵی لە پڕۆژەكانی تكریت، دوو ترلیۆن دینار دیار نەماوە، لەو پارێزگایە هاووڵاتیان لە مافە سەرەتاییەكانیان بێبەشن، كێشەكانی ئاو و كارەبا و رێگاوبان دەیان ساڵە چارەسەر نەكراون.

لە ناوەڕاستی پارێزگای تكریت پردێك  بووەتە گرێكوێرە و ناكرێتەوە، پردەكە ناوی دەلەیە، بەڵام هاووڵاتییان بە پردی علە ناوی دەبەن، بیست و دووملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە و 11 ساڵە كاری تێدا دەكرێت و هێشتا نیوەی تەواو  نەبووە.

عەبدوڵڵا ئەحمەد، هاووڵاتییەکی دانیشتووی تکریتە بە کوردستان24ی گوت: "هیچ بەرپرسێك لە كێشەكان ناپرسێت، نە پارێزگار، نە قایمقام و سەرۆك شارەوانی، بۆنایەن سەیرێكی حاڵمان بكەن، ئەمە كەی حاڵە؟".

خزمەتگوزارییەكانی رێگەوبان، ئاو و ئاوەڕۆ، كارەبا و بێكاری، ئەمن و ئاسایش، دەیان ساڵە خەڵكی تکریت لێی بێبەشن.

هاووڵاتییەکی دانیشتووی تکریت بەناوی ئەبو خالید، دەڵێت: "لە ساڵی 2003وە تائێستا هیچمان نەبینی لە بەڵێنی درۆ زیاتر، چاڵێك دەكەن و دەڕۆن و نایەنەوە لە هیچ تێناگەین".

لەكاتی بارانبارین قوڕ و لیتە و لەگەڵ هەڵكردنی هەربایەكیش تۆزوخۆڵیش هەڵدەكات، خەڵكی تكریت لە دۆخێكدان تەنانەت رێگەی دەربڕینی ناڕەزایەتیشیان لێگیراوە، هەر جووڵەیەكیش بەو ئاراستەیە تۆمەتی بەعسی بوون و داعش بوونیشیان دەخرێتەپاڵ.

قەبارەی گەندەڵییەكان لە پڕۆژەكاندا زۆرن، چەندین بەرپرس لە كەیسی گەندەڵی تێوەگلاون، بەڵام لێپرسینەوەیان لەگەڵدا ناكرێت.

جاسم جەبارە، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند: "فێڵكردن لە پڕۆژەكاندا هەیە و ئەو كەسانەش ناتوانرێت لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكرێت، هەمووساڵێك پارە بۆ پڕۆژە تەرخان دەكرێت و پڕۆژەش نییە، سەرئەنجام بەو هۆیەوە ئێستا لە پارێزگای سەڵاحەدین بڕی دوو ترلیۆن دینار نادیارە".

لە ماوەی 20 ساڵی رابردوو تكریت بە چەندین گۆڕانكاریدا تێپەڕیوە، دواترینیان شەڕی داعش بوو كە وێرانكاریی گەورەی بەجێهێشت و تائێستاش ئاسەوارەكانی لەو شارەدا ماون.