کۆمپیوتەری کوانتەم لەلایەن گووگڵەوە کاراکرا و بە جادووی سەدەی نوێ هەژمار دەکرێت

K24 - هەولێر 

کۆمپیوتەری کوانتەم لەلایەن گووگڵەوە کاراکرا و بە جادووی سەدەی نوێ هەژمار دەکرێت.

زانایانی کۆمپانیای گووگڵ هەنگاوێکی گەورە لە بواری کۆمپیوتەری کوانتەم دەچنە پێش، دوای ئەوەی توانیان یەکەم تاقیکردنەوەی ئەو جۆرە کۆمپیوتەرە ئەنجام بدەن، وێبسایتی Sciencealert رایگەیاند، گووگڵ ژیری دەستکرد (AI) بۆ کاراکردنی ئەو کۆمپیوتەرە کوانتەمە بەکاردەهێنێت.

گووگڵ هێشتا وردەکاری تەواوی چۆنیەتی کارکردنی ئەو کۆمپیوتەرەی ئاشکرا نەکردووە، تا کۆمپانیاکانی دیکە نەتوانن بیرۆکەکە ببەن و کۆپی گووگڵ بکەن، بەڵام گووگڵ دەڵێت لە ساڵانی 1990ـەوە ئەو بیردۆزە هەبووە و تا ئێستا نەتواندراوە سەرکەوتوو بن، ئەوان توانیویانە یەکەم تاقیکردنەوەی پراکتیکی ئەنجام بدەن.

ئەو کۆمپیوتەرە چەندە خێرایە؟ گووگڵ دەڵێت: ئەو کۆمپیوتەرە لە زنجیرە سێرڤەرێکی زەبەلاح پێکدێت، لەژێر زەریای هادی دانراون دەتوانن کارێکی زەبەلاح بە 200 چرکە ئەنجامبدەن، کە بە کۆمپیوتەری ئاسایی 10 هەزار ساڵ دەخایەنێت.

جگە لە گووگڵی ئەمەریکی، لە وڵاتی چین لێکۆڵینەوە بۆ پەرەپێدانی کۆمپیوتەری کوانتەم دەکرێت، چین دەڵێت لەماوەی 10 ساڵی داهاتوو پێشەنگ دەبن لە بواری ژیری دەستکرد و کۆمپیوتەری کوانتەم لەسەر ئاستی گۆی زەوی.