دزینی ئایفۆن زۆر بووە و ئەپڵ چارەسەرەکەی ئاشکراکرد

K24 - ‌هەولێر 

لەبەر چاوی خەڵک کۆدی قوفلی مۆبایلەکەت ئاشکرا مەکە و سیستەمی توو فاکتەر چالاک بکە.

دزینی مۆبایلی خەڵک کارێکی نوێ نییە و لە یەکەم مۆبایل کە بڵاوکراوەتەوە تاوەکو ئێستا هەر هەبووە، بەڵام دزینی مۆبایل زیرەک لەماوەی رابردوو بەرەو کەمی دەچوو بەهۆی ئەوەی پاراستنی مۆبایلەکان زۆر بەهێز بووە، کاتێك مۆبایلەکەت بدزرێت، دزەکە سوودێکی گەورەی لێ وەرناگرێت، بەهۆی ئەوەی تەواوی سیستەمی کڵاودەکەی و مۆبایلەکەی قوفل دەبێت.

بەڵام لە چەند هەفتەی رابردوو بە بەکارهێنانی فێڵێک دزینی ئایفۆن لە ئەمەریکا زیادی کردووە، بەپێی راپۆرتێکی The Wall Street Journal بێت، دزەکان هەڵدەستن بە چاودێریکردنی خەڵکی، بزانن قوفلی سەر شاشەی ئایفۆنەکەیان چییە، لە رێستۆرانت، باڕەکان و شوێنە گشتییەکان هەڵدەستن بە رفاندنی ئایفۆنەکان لە دەستی بەکارهێنەر، لەرێگەی سێتینگەوە بەو قوفلە تایبەتمەندی Find My دەکوژێننەوە لە iCloud تاوەکو خاوەنەکەی نەتوانێت بە ئامێرێکی دیکە ئەو ئایفۆن قوفل بدات.

وەڵامی ئەپڵ بۆ ئەو پرسە "بەداخەوە، کارێکی قێزەونە و شەو و رۆژ بێ ماندووبوون لە کارداین ئەو فێڵە دابخەین، داوا دەکەین سیستەمی توو فاکتەر لەسەر iCloudـەکانتان چالاک بکەن".

بە بەکارهێنانی سیستەمی پاراستنی Two-Factor لە سێتینگی iCloud گەر ئایفۆنەکەت بدزرێت و دزەکە پاسکۆدی سەر شاشەش بزانێت ناتوانێت ئەو مۆبایلە بەکاربهێنێت.