بانکی ناوەندی تورکیا هۆشداری لە چوونەدەرەوەی دۆلار دەدات

دۆلاری ئه‌مه‌ریكی
دۆلاری ئه‌مه‌ریكی

K24 – هه‌ولێر:

بەپێی خەمڵاندنەکانی کۆمپانیای بلومبێرگ ئیکۆنۆمیکس، بانکی ناوەندی  توركیا ساڵی رابردوو 108 ملیار دۆلاری خەرجکردووە بۆ ئەوەی بەهای لیرە جێگیر بکات.

بەهۆی دابەزینە بەردەوامەکانی نرخی سوو لەلایەن بانکی ناوەندی وڵاتەکەوە، لیرەی تورکی دووەم خراپترین دراوی بازاڕە تازەپێگەیشتوەکان بووە، لە دوایین رێکاریشدا بانکی ناوەندی تورکیا هۆشداری داوەتە قەرزدەرەکانی ئەو وڵاتە لە گواستنەوەی هەر دۆلارێک بۆ هاوتا بانکیە پەیوەندیدارەکانیان لە دەرەوەی وڵات.

زیاتر  لە دووساڵە بەهای لیرەی تورکی بەردەوامە لە دابەزین و بانکی ناوەندی وڵاتەکەش بەردەوام لە هەوڵدایە بە چەندین رێكکار و رێنمایی نوێ رێگری لە دابەزینی بکات، لە نوێترین هەوڵیشدا بانکەکە دەیەوێت رێگری لە چوونە دەرەوەی دۆلار بکات و بۆ ئەم مەبەستەش هۆشداری داوەتە ئەو  بانکە ناوخۆیی و بیانیانەی کە لە ناوخۆی تورکیادا کاردەکەن.

راپۆرتێکی ئاژانسی بلوومبێرگ ئاشکرای دەکات، بانکی ناوەندی تورکیا هۆشداری داوەتە قەرزدەرەکانی ئەو وڵاتە لە گواستنەوەی هەر دۆلارێک بۆ هاوتا بانکیە پەیوەندیدارەکانیان لە دەرەوەی وڵات.

هۆشدارییەکە دوای ئەوە دێت کە بانکە بازرگانییەکان لە شەش هەفتەی یەکەمی ساڵدا، 2.3 ملیار دۆلاریان بۆ هەژماری وەبەرهێنانی دەرەوەی وڵات گواستووەتەوە.

دەرچوونی دراوی قورس رێگری لە هەوڵەکان دەکات بۆ سەقامگیری لیرە و کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان لە پێش هەڵبژاردنەکاندا کە بڕیارە لە مانگی ئایاردا ئەنجامبدرێت.

هەرچەندە بەرپرسانی تورکیا دەڵێن، دەیانەوێت پارەی نەختینەی بەردەست لە دەستی دەسەڵاتی دراودا بهێڵنەوە، بەڵام هیچ رێسایەک نییە ڕێگری بکات لە گواستنەوەی سەرمایە بۆ بانکە پەیوەندیدارەکانیان لە دەرەوەی وڵات، بۆ ئەم مەبەستەش ئێستا تورکیا بیر لە سنووردارکردنی پاراستن لە لیرە دەکاتەوە بۆ سنووردارکردنی خواست لەسەر دۆلار.

هەربۆیە مامەڵەی قەرزدەرەکانی دراوی بیانی لە چەند مانگی رابردوودا خستووەتە ژێر چاودێری زیاترەوە، بانکی ناوەندی فەرمانی پێکردوون کە دوای کاتژمێرەکانی فەرمی بازرگانی لە تورکیا مامەڵەی گەورە لەگەڵ بانکە بیانییەکان ئەنجام نەدەن.

هۆشداری کۆتایی هەموو ئەو قەرزدەرانەی بازرگانی دەگرێتەوە، کە لە تورکیا کاردەکەن، بە لقەکانی بانکە بیانییەکانیشەوە.

هەروەها پێدانی قەرزی بانکی بازرگانی دەبێتە هۆی دەرچوونی دراوی بیانی و فشار دەخاتە سەر لیرە، بانکەکان لە کۆتایی ساڵی 2017ەوە کۆی قەرزە دەرەکیەکانیان بۆ نیوە کەمکردووەتەوە بۆ 50 ملیار دۆلار، ئەمەش بەهۆی زۆری تێچووی قەرزکردنی دراوی بیانی و کەمی خواستی ناوخۆیی لەسەر قەرزی دراوی قورس.

هەروەها رێژەی درێژکردنەوەی قەرزی دەرەکی لە بانکەکاندا لە نیوەی دووەمی ساڵی رابردوودا بۆ 92% دابەزیوە، لەکاتێکدا لە ناوەڕاستی ساڵی 2021دا زیاتر لە 100% بووە.