عوسمان كاروانی: له‌گه‌ڵ دواخستنی هه‌ڵبژاردن نه‌بووین
K24 – هه‌ولێر:
هه‌وڵێك هه‌یه هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌مساڵ ئه‌نجامبدرێت، كه هێزو لایه‌نه سیاسییه‌كان جه‌ختی لێده‌كه‌نه‌وه، ئه‌مه له‌كاتێكدایه كه ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی كوردستان درێژكرایه‌وه، یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستانیش دووپاتی زه‌رووره‌تی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن ده‌كاته‌وه، له‌مباره‌یه‌وه، به‌رپرسێكی یه‌كگرتوو رایده‌گه‌یه‌نێت، ماوه‌ی یاسایی په‌رله‌مانی كوردستان كۆتاییهاتووه، ده‌بوایه ته‌مه‌نی درێژ نه‌كرێته‌وه.
عوسمان كاروانی كارگێڕی ئه‌نجوومه‌نی جێبه‌جێكردنی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان، له‌میانه‌ی به‌شداریكردنی له به‌رنامه‌ی باسی رۆژی كوردستان24، كه ژینۆ محه‌ممه‌د پێشكه‌شی ده‌كات، رایگه‌یاند، له‌كاتی ته‌واوبوونی ماوه‌ی یاسایی په‌رله‌مانی كوردستان، كوتله‌ی په‌رله‌مانی یه‌كگرتوو ده‌ستیان له‌كاركێشایه‌وه، چونكه بڕوامان به درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی كوردستان نه‌بوو و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك فراكسیۆنی یه‌كگرتوو ناگه‌ڕێته‌وه په‌رله‌مان.
عوسمان كاروانی هه‌روه‌ها گوتی: "ئێمه وه‌ك یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان، به‌ر له‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان درێژبكرێته‌وه، بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن ئاماده‌بووین و له‌گه‌ڵ دواخستندا نه‌بووین".
ده‌شڵێت: "یه‌كگرتوو ئاماده‌یه به‌ره‌یه‌كی فراوان بۆ هه‌ڵبژاردن پێكبهێنێت".