قەرزە دەرەکییەکانی عێراق 20 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە

K24 - هەولێر

راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، قەبارەی قەرزە دەرەکییەکانی سەر عێراق 20 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.

مەزهەر ساڵح راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسە عێراقییەکان ئاماژەی بەوەداوە، ئەو قەرزانەی لەسەر عێراقن بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی نەوەدەکان، حکومەتی عێراق پلانی هەیە لە ماوەی حەوت بۆ هەشت ساڵی داهاتوودا ئەو قەرزانە بداتەوە.

راوێژاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لەوەشکرد، بەشێکی دیکەی قەرزەکانی عێراق دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی داعش، ئەوکات عێراق نزیکەی 2  ملیار دۆلار قەرزی لە سندووقی دراوی نێودەوڵەتی وەرگرت.