مۆبایل و لاپتۆپە نوێیە نوشتاوەکەی لێنێڤۆ ببینە

K24 - هەولێر:

کێ لاپتۆپی نوشتاوەی پێویستە؟ سوودی ئەو شاشە نوشتاوەیە تەنیا بۆ جوانییە یان کارێکی جیاواز ئەنجام دەدات؟ لێنێڤۆ بەبێ، وەڵام تەنیا بەرهەمەکان نیشان دەدات.

لە کۆنفرانسی MWCـی تەکنەلۆژی لە شاری بەرسلۆنەی ئیسپانیا لێنێڤۆ دوو بەرهەمی نوێی نوشتاوەی ئاشكرا کرد، لاپتۆپێکی نوێ و مۆبایلێکی تەواو نوێ.

لاپتۆپەکە بە Concept Notebook دەناسرێت، واتە مۆدێلی تاقیکارییە و تەنیا بۆ نیشاندانی تەکنەلۆژیای نوشتاوەی شاشەکەیە، مواسەفاتی لاپتۆپەکە هێشتا ئاشکرا نەکراوە، بەڵام دەزانین دەتوانێت قەبارەکەی لەنێوان 12 بۆ 16 ئینچ گەورە و بچووک بکات کاتێک دەنوشتێتەوە و هەڵدەگیرێتەوە.

دەربارەی مۆبایلە نوشتاوەکەی لێنێڤۆ، بەجیاوازترین مۆبایلی نوشتاوە دادەنرێت، بەشێوەیەکی میکانیکی بە دوگمەی تایبەت شاشەکەی دێتە دەرەوە و دەچێتە ژوورەوە، بە کراوەیی بە مۆبایلێکی قەبارە گەورە دەچێت بە داخراویش نیوەی شاشەکەی بەدیار دەکەوێت، ئەوەی جێگەی سەرنجە و جیاوازە لە مۆبایلە نوشتاوەکانی وەکو سامسۆنگ گالاکسی فۆڵد و کۆمپانیاکانی دیکە، هەبوونی دوگمەیەکی تایبەتە کە شاشەکە دەهێنێتە دەرەوە.

ئەو مۆبایلە تەنیا مۆدێلی تاقیکارییە، بۆ فرۆشتن نییە، لێنێڤۆیە دەڵێت: دەتوانین ئەم بەرهەمانە دروستبکەین، بەڵام بە فەرمی بڵاویان دەکاتەوە یان نا؟ هێشتا دیار نییە.