یەکێتیی ئەوروپا لە بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەردا یارمەتیی هەرێمی کوردستان دەدات

یەکێتیی ئەوروپا لە بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەردا یارمەتیی هەرێمی کوردستان دەدات
یەکێتیی ئەوروپا لە بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەردا یارمەتیی هەرێمی کوردستان دەدات

K24 - هه‌ولێر:

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە هەولێر پێشوازی لە د. تۆرکیڵد بیگ، نوێنەری پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ تاوتوێکردنی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان کرد.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری  كه‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (27ـی شوبات/فێبرێوه‌ری 2023) بڵاوبووه‌ته‌وه‌، دیندار زێباری، رێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسی لە ستراتیژی هەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان کردووه‌ و دووپاتیکردووەته‌ کە ئامانجی ستراتیژیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی حکومەتی هەرێم بریتییە لە خۆپارێزی، ئەمەش بە دامەزراندنی سەنتەرەکانی بووژاندنەوە. بۆ دامەزراندنی سەرکەوتووانەی سەنتەری بووژاندەنەوە و چاکسازییش، حکومەتی هەرێمی كوردستان پێویستی بە پاڵپشتیی تەندروستی و سەرچاوە مرۆییەکانە. جگە لەوەش ئامانج لە ستراتیژەکە ئەوەیە کە هەموو لایەنە نێودەوڵەتی و پەیوەندیدارەکان بۆ هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێم لە گەیشتن بە ئامانجەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان لەسەر هێڵ بن.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، له‌ كۆوبونه‌وه‌كه‌دا د. تۆرکیڵد بیگ به‌ دیندار زێباری گوتووه‌: "پرسی ماددە هۆشبەرەکان پرسێکی نێودەوڵەتییە و سنوورەکان تێدەپەڕێنێت، هەر لەبەر ئەم هۆیەشە وەک یەکێتیی ئەورووپا بە هەموو شێوازێک لە بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر پاڵپشتیی خۆمان بۆ حکومەتی هەرێم دووپات دەکەینەوە."

ئاماژ به‌وه‌شدراوه‌، نوێنەری پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا بەڵێنی دا خواستەکانی حکومەتی هەرێمی كوردستان بە یەکێتیی ئەوروپا بگەیەنێت بۆ هاریکاریکردنی هەرێمی كوردستان و هەردوولایەن بڕیاریان دا هەماهەنگیی کردەیی و مەیدانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان بکەن.