دوای زللـەکەی ویڵ سمس ئۆسکاری ئەمساڵ تیمی بەپەلەی هەیە

K24 - هەولێر:

زللـەکەی ویڵ سمس لە کریس رۆک وای لە ئەکادیمیای ئۆسکار کردووە، تیمێکی تایبەت بە قەیران دروستبکەن، گەر کێشەیەک رووبدات بەپەلە دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن.

بۆ یەکەمجار لە مێژووی خەڵاتەکانی ئۆسکار، ئەکادیمیای هونەر و زانستی ئەمەریکی رایگەیاند تیمی قەیران دروستدەکەن (Crisis Team)، کاری ئەو تیمە چاودێریکردنی رێورەسمەکە دەبێت، هەرشتێک وەکو سیناریۆ ئامادەکراوەکان ئەنجام نەدرا یان لادرا، ئەو تیمە دێنە پێش و دۆخەکە کۆنترۆڵ دەکەن.

پارساڵ لەسەرەتای دەستپێکی رێورەسمی خەڵاتەکانی ئۆسکار، لە مەنەلۆجی سەرەتادا کریس رۆک گاڵتەی بە قژی هاوژینی ئەکتەر ویڵ سمس کرد، کە بەهۆی نەخۆشی هەڵوەرینی قژەوە، قژەکەی تاشیبوو، سمس ئەو گاڵتەیەی پێ قبووڵنەکرا و هاتە سەر ستەیج و زللـەیەکی بەهێزی لە کریس رۆکدا، دواتر لەسەر کورسییەکەی دانیشتەوە و هەندێک جنێوی دیکەی بە رۆکدا.

هەرچەندە ویڵ سمس لەو شەوە توانی خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین ئەکتەر لە رۆڵی سەرەکی بباتەوە بەڵام زۆری نەبرد کاردانەوەکان وایان لە ئەکادیمیای ئۆسکار کرد ئۆسکار لە سمس قەدەغەبکەن و لە هۆڵیوود ماوەی ساڵێکە سمس پشتگوێ خراوە، کە داوای لێبووردنیشی لە کریس رۆک کردووە.

ئۆسکاری ئەمساڵ بڕیارە لە 13ـی مانگی داهاتوو ئەنجام بدرێت، پێشکەشکاری بەناوبانگ جیمی کیمڵ بۆ سێیەم جار میوانداری ئەو رێورەسمە دەکات.