ئەڵمانیا داوا لە رووسیا دەکات بگەڕێتەوە نێو رێککەوتننامەی ئەتۆمیی "نیو ستارت"

ئاڵای روسیا و ئه‌ڵمانیا
ئاڵای روسیا و ئه‌ڵمانیا

K24 - هه‌ولێر:

ئەڵمانیا داوا لە رووسیا ده‌كات بگەڕێتەوە نێو رێککەوتننامەی کەمکردنەوەی چەکی ستراتیژیی نوێ (نیو ستارت) کە لەگەڵ ئەمریکا واژووی کردووە.

ئاننالینا بیربوک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە میانی گوتارێکیدا لە کۆنفرانسی نەتەوەیەکگرتووەکان سەبارەت بە داماڵینی چەک لە جنێڤ، ئاماژەی بەوە کرد، "نیو ستارت" دوایین رێککەوتنی کۆنتڕۆڵکردنی چەکی ئەتۆمییە کە لە نێوان رووسیا و ئەمریکادا مابێت.

بیربوک، داوای لە رووسیا کرد کە لەو بابەتەدا بەردەوامی بە دیالۆگ بدات لەگەڵ ئەمریکا و ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە "نیو ستارت"  رێککەوتنێکی دووقۆڵییە و گوتی: "بەڵام ئەم رێککەوتنە لە هەمان کاتدا بۆ هەر وڵاتێکی ئەم هەسارەیە مسۆگەر کردنی سەقامگیری و ئاسایشی جیهانییە. داوا لە ڤلادیمیر پوتن دەکەین کە بگەڕێتەوە بۆ "نیو ستارت" و سەرلەنوێ لەگەڵ ئەمریکا دەست بە دیالۆگ بکاتەوە. لە ناخەوە بڕوامان وایە کە ئەمە بۆ هەموو جیهان لە بەرژەوەندی هەموومان دەبێت".

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، داوای درێژکردنەوەی ماوەی ئەرکی لیژنەی لێکۆڵینەوەی سەربە کۆنسەی مافەکانی مرۆڤی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان دەربارەی ئۆکرایناشی کرد.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه‌ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا هەڵپەساردنی پەیماننامەی کەمکردنەوەی چەکی ستراتیژیی "نیو ستارت" کە لەگەڵ ئەمریکا واژوویان کردووە و ئامانج لێی کۆنتڕۆڵ کردنی توانای مووشەکی ئەتۆمی بالیستیی کیشوربڕە، راگەیاندبوو.