ئینستاگرام لاسایی تێلیگرامی کردەوە

K24 - هەولێر:

دانانی فلتەر و ستۆری سناپچات، ڤیدیۆیی ستوونی کورت و نەبڕاوە و ئێستاش هێنانی چەناڵی وەکو تێلیگرام بۆ ئینستاگرام، فەیسبووک بەردەوامە لە کۆپیکردنی ئەپەکان.

مێتا تایبەتمەندییەکی نوێی بۆ ئینستاگرام زیادکرد بەناوی Broadcast Channels رێگایەکی نوێ تا ئەستێرەکان بتوانن بەشێوەیەکی ئاسانتر لەگەڵ فۆڵۆوەرزەکانیان پەیوەندی بەهێزتر بکەن.

ئەو چەناڵە هاوشێوەی چەناڵی تەێلیگرامە، کەسێک دەتوانێت چەناڵێکی فەرمی و بەپڵیک دروستبکات، فۆڵۆوەرزان ئاگادار بکاتەوە، وە لەچەناڵەکە بە تێکست، فۆتۆ، ڤیدیۆ، نامەی دەنگی، تێبینی و راپرسی لێ بڵاوبکاتەوە.

ئەو تایبەتمەندییە سەرەتا لەلایەن مارک زوکەربێرگ بەڕێوبەری گشتی و خاوەنی مێتا تاقیکرایەوە، چەناڵێکی تایبەتی خۆی داناوە و هەر ئەپدەیتێک بۆ هەر ئەپێکی خۆی لەو چەناڵە تایبەتەی ئاشکرادەکات.

بەکارهێنەران دەتوانن بابەتەکانی ناو چەناڵەکە وەکو ستۆری ئینستاگرام شەیربکەن، چەناڵەکان لینکی  تایبەتی خۆیان هەیە بۆ ناردنیان بۆ کەسانی دیکە تا بێنە ناو چەناڵەکە، هەر بابەتێک لەو چەناڵە پۆست بکرێت دەتواندرێت کاردانەوەی لەسەر بکرێت بە ئیمۆجی جیاواز.

هەر چەناڵێک ناوێکی تایبەتی دەبێت، وێنەی تایبەتی لەسەر دەبێت، وە ناوەکەش بە ئاسانی دەتواندرێت بگۆڕدرێت وە دەکرێت ئیمۆجی لەگەڵ تێکست بکرێتە ناوی چەناڵەکە.

مێتا دەڵێت ئەو تایبەتمەندییە ئێستا بەشێوەی تاقیکاری بۆ هەندێک ئەستێرەی ئینستاگرام بەردەستیان خستووە، لەماوەیەکی نزیکدا بۆ هەموو بەکارهێنەران بەردەست دەبێت لە سەرجەم وڵاتانی جیهان.