دژەتیرۆری کوردستان: سوپای تورکیا ئۆتۆمبێلی بەرپرسێکی ئەمنیی یەبەشەی لە شنگال کردە ئامانج

K24 – هەولێر

دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا لە شنگال ئۆتۆمبێلی بەرپرسێکی ئەمنیی یەبەشەی کردە ئامانج و لە ئەنجامدا بەرپرسە ئەمنییەکە و پاسەوانەکەی کوژران.

بەگوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی ئاداری 2023، کاتژمێر 12:00، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا، ئۆتۆمبێلی بەرپرسێکی ئەمنیی یەبەشە لە ناوەندی قەزای شنگال دەکاتە ئامانج و لە ئەنجامدا بەرپرسە ئەمنییەکە و پاسەوانێکی کوژراون.

لە ماوەی سێ رۆژدا، ئەمە دووەم هێرشی فڕۆکەکانی تورکیایە بۆ سەر هێزەکانی یەبەشە لە شنگال، هێرشی یەکەم کە رۆژی 27ـی شوبات ئەنجامدرا، لەو هێرشەدا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلێكی چه‌كدارانی یه‌به‌شه‌ی له‌ سنووری شنگال بۆردوومانكرد و به‌هۆیه‌وه‌ به‌رپرسێكی باڵای یه‌به‌شه‌ کوژرا.