مه‌سرور بارزانی: یاسای كار له‌ هه‌رێمی كوردستان رۆڵی گرنگی دەبێت لە پاراستنی مافەکانی کرێکاران

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ بۆنه‌ی په‌سه‌ندكردنی یاسای كار له‌ هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ (1ـی ئادار/مارسی 2023)، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ بۆنه‌ی پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای کار لە هەرێمی کوردستان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و پیرۆزبایی لە کرێکارانی کوردستان كرد.

له‌ په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه‌، " دەستخۆشی لە پەرلەمانی کوردستان دەکەم کە ئەمڕۆ بە کۆی دەنگ، (پڕۆژەی یاسای کار لە هەرێمی کوردستان)ی پەسەند کرد. هەروەها دەستخۆشی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ ئامادەکردنی ئەم پڕۆژە یاسا گرنگە و پێشکەشکردنی بە پەرلەمانی کوردستان".

هه‌روه‌ها سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌، ئەم یاسایە، رۆڵی گرنگی دەبێت لە پاراستنی مافەکانی کرێکاران بەگشتی و بەتایبەتی دەستەبەرکردنی مافەکانی کرێکارانی ئافرەت و نەهێشتنی هەموو جۆرە کارێکی زۆرەملێ و سنووردانان بۆ هەموو ستەم و چەوساندنەوەیەکی کرێکاران و نەهێشتنی کارکردنی منداڵان.

ده‌قی پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی بە بۆنەی پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای کار لە هەرێمی کوردستان

دەستخۆشی لە پەرلەمانی کوردستان دەکەم کە ئەمڕۆ بە کۆی دەنگ، (پڕۆژەی یاسای کار لە هەرێمی کوردستان)ی پەسەند کرد. هەروەها دەستخۆشی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ ئامادەکردنی ئەم پڕۆژە یاسا گرنگە و پێشکەشکردنی بە پەرلەمانی کوردستان.

پیرۆزبایی لە کرێکارانی کوردستان دەکەم کە ئەم یاسایە، ڕۆڵی گرنگی دەبێت لە پاراستنی مافەکانی کرێکاران بەگشتی و بەتایبەتی دەستەبەرکردنی مافەکانی کرێکارانی ئافرەت و نەهێشتنی هەموو جۆرە کارێکی زۆرەملێ و سنووردانان بۆ هەموو ستەم و چەوساندنەوەیەکی کرێکاران و نەهێشتنی کارکردنی منداڵان .

هەروەها ئەم یاسایە، هەموو مافەکانی کرێکاران لە ڕووی تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی و مافە یاساییەکانی کرێکاران دابین دەکات. ئەم یاسایە یارمەتی خاوەنکارانیش دەدات بۆ دۆزینەوەی کرێکاری گونجاو و ڕێکخستنەوەی هەلومەرجەکانی کارکردن و پەیوەندییەکانی کرێکاران و خاوەنکاران، لە سەر بنەمایەکی تەندروست و دادپەوەرانە.

پاراستنی مافي کرێکارانی کوردستان، بە تایبەتی ئەوانەی لە کەرتی تایبەت کار دەکەن ، بەشێکی گرنگی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە پێناو پاراستنی مافە یاساییەکانیان و دابینکردنی داهاتووی کرێکارانی کوردستان.

بەم بۆنەیە ، پابەندبوونی خۆمان بە بەردەوامبوون لە سەر پاراستنی مافی کرێکاران و  کارکردن لە پێناو باشترکردنی دۆخی ژیانیان دووپات دەکەینەوە.