گرێکوێرەى دواكەوتنی هەڵبژاردن دەكرێتەوە

K24 - سلێمانی

دواى کۆبوونەوەى دەزگاکانی هەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی  لە 28ی شوباتی 2023، و رێککەوتن لەسەر زۆربەی خاڵەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، گرێکوێرەکە کرایەوە و گفتوگۆ و دانوستانی زیاتر دەکرێن بە مەبەستی ئامادەسازی بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن.

دەزگاکانی هەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی لەسەر زۆربەی خاڵەکانی کە پەیوەست بە هەڵبژاردنی داهاتوو رێککەوتن، یەکێک لە خاڵەکانیش شێوازی هەڵبژاردنە بە چوار بازنە. بزووتنەوەى گۆڕان کە لایەنێکى بەشدارى حکومەتە ئەگەرچى بە فەرمى لەسەر ئەو رێککەوتنە هیچی بڵاونەکردوەتەوە، بەڵام ئەندامێکى جڤاتى نیشتمانى بزووتنەوەکە ئاماژە بۆ بەشدارى نەکردنى گۆڕان دەکات لەو کۆبوونەوەیە کە بۆ پرسى هەڵبژاردن ئەنجامدرا.

نزار مەحموودم ئەندامى جڤاتى نیشتمانى گۆڕان بە کوردستان24ی گوت: "پێویست بوو هەموو لایەنەکان پێکەوە دابنیشن و لەسەر هەڵبژاردن رێکبکەون، چونکە ئەو دوو لایەنە پێکەوە رێکدەکەون ئێمە زۆربەی گلەییەکانمان لەو دوو حزبەیە لەبارەی هەڵبژاردن".

لایەنەکانى ئۆپۆزسیۆن لە رابردوشدا کێشەیان لەسەر شێوازى هەڵبژاردن دەرنەبڕیوە، ئەوەى بەلایانەوە گرنگ بووە ئەنجامدانى هەڵبژاردن بووە بەو مەرجەى جێگەى متمانەى هاووڵاتیان و لایەنەکان بێت.

عوسمان کاروان، کارگێڕى ئەنجومەنى جێبەجێکردنى یەکگرتووی ئیسلامی دەڵێت: "گرنگ ئەوەیە ئیرادەیەک هەبێت بۆ هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد، بەشێوازێک کە خیانەت لە متمانەی خەڵکی کوردستان نەکرێت".

لە دوایین کۆبوونەوەی دەزگاکانی هەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی رێككه‌وتن كراوە، بۆ ئەوەی به‌ هاوبه‌شی  له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكەش‌ كۆببنه‌وه ‌تا بتوانن راوێژ له‌سه‌ر كۆی پرسه‌كانی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن. 

 دواتریش سه‌باره‌ت به‌ كورسی كۆتاكان  له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كان دانیشن بۆ ئه‌وه‌ی رای ئه‌وانیش له‌سه‌ر شێوازی هه‌ڵبژاردن وه‌ربگرن.