سعوودیە هەزار تۆن سووتەمەنی وەک هاوکاری دەداتە یەمەن

ئاڵای سعوودیه‌
ئاڵای سعوودیه‌

K24 - هه‌ولێر:

سعوودیە بۆ پشتیوانیکردنی کەرتی کارەبا لە یەمەن، هەزار تۆن سووتەمەنی وەک هاوکاری دایە ئەو وڵاتە و هاوکارییەکان گەیشتە پارێزگای مەهرە.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵیی سەبەئی یەمەنی، سەعید موبارەک، بەڕێوبەری فەرمانگەی کارەبای یەمەن لە پارێزگای مەهرە رۆژهەڵاتی یەمەن ئەوەی ئاشکرا کردووە کە سعوودیە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا سووتەمەنی داوەتە وڵاتەکەی.

سەعید موبارەک باسی لەوەش کردووە کە لە چەند رۆژی رابردوودا بە تانکەر هەزار تۆن سووتەمەنی گەیەندراوەتە پارێزگای مەهرە، ئاماژەشی بە گرنگی ئەم هاوکارییە کرد کە دوای ئەو گرفتانە دێت کە لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبادا بەهۆی نەبوونی سووتەمەنییەوە روویانداوە.

حکوومەتی یەمەن لە 29ی ئەیلوولدا، رێککەوتننامەیەکی لەگەڵ سعوودیە واژوو کرد بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بە بەهای 200 ملیۆن دۆلار.

پڕۆژەی سعوودیە بۆ گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوەی یەمەن لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئەوە خراوەتەڕوو کە لە 26ی تشرینی یەکەم و 17ی کانوونی یەکەمی 2022 و 18ی شوباتی 2023دا، هەرجارەی 75 هەزار تۆن سووتەمەنی نێردراونەتە یەمەن.

بەهۆی ئەوەی وێستگەی کارەبای زۆربەی پارێزگاکانی یەمەن، بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا پشت بە سووتەمەنی دەبەستن، ناوبەناو گرفتی بڕانی کارەبا لەو وڵاتە روودەدات.

ماوەیەکی درێژە ناسەقامگیری سیاسیی یەمەنی گرتووەتەوە، حووسییەکان لە مانگی ئەیلوولی 2014ه‌وه‌ سەنعای پایتەخت و چەند ناوچەیەکی دیکەی یەمەنیان کۆنترۆڵ کرد.

ھێزەکانی ھاوپەیمانیی عەرەبی بە رابەرایەتی سعوودیە لە ئاداری ساڵی 2015ه‌وه‌ تا ئێستا دژبە حووسییەکان پاڵپشتیی حکومەتی یەمەن دەکات.

ئاگربەستی نێوان حکوومەتی یەمەن و حووسییەکان کە شەش مانگ بەردەوام بوو لە دووی تشرینی یەکەمی 2022دا کۆتایی هات.