"به‌هۆی ئه‌وه‌ی لاسایی كریستیانۆی كردووه‌ته‌وه‌ خه‌ریك بووه‌ بمرێت"

ئەوەی بە کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەکرێت ئەستەمە بە هیچ وەرزشوانێکی دیکە بکرێت، ئەم پیاوە پۆرتوگاڵییە لە سیستەمی دایت و پابەندبوونی بە خواردنی تەندروست هەموو رێچکەیەکی شکاندووە و بووەتە نموونەی باڵا بۆ هەمووان، بەڵام کەسیش ناتوانێت لاسایی بکاتەوە.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ گەرچی گەیشتووەتە تەمەنی ٣٨ ساڵی بەڵام بە لەشولارە بەهێز و تەندروستەکەی هێشتا وەکو یاریزانێکی لاو دەردەکەوێت، دۆن هەمیشە دووپاتیدەکاتەوە رۆژانە پێنج ژەمی بچووک دەخوات و گۆشتی مریشک و ماسی و سەوزەوات بەشی سەرەکی ژەمەکانی پێک دەهێنن.

به‌هۆی لاساییكردنه‌وه‌ی كریستیانۆ خه‌ریك بووه‌ بمرێت

یاریزانێکی بەڕازیلی ئەزموونی خۆی لەگەڵ لاساییکردنەوەی سیستەمی خواردنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەگیڕێتەوە و دەڵێت: خەریک بوو بمرم.

گابریێل مێنینۆ، هێرشبەری پالمێراسی بەڕازیلی لە پۆدکاستێکی لەگەڵ کەناڵی یانەکەیان چیرۆکی خۆی لەگەڵ دایتەکەی دۆن دەگێڕێتەوە.

له‌مباره‌یه‌وه‌ مێنینۆ ده‌ڵێت: ساڵی 2020 بڕیارمدا لاسایی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بکەمەوە و هەمان سیستەمی دایتی دۆن پەیڕەو بکەم، گەرچی کێشم زیاد نەبوو، بەڵام بە سەرپەرشتیاری سیستەمی خواردنی یانەکەمانم گوت دەمەوێت هەمان سیستەمی خواردنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ پەیڕەو بکەم. بەیانیان هێلکەم دەخوارد لەگەڵ کەمێک لە تەواوکەرە خۆراکییەکان، نیوەڕۆیان ماسی و زەڵاتەم دەخوارد و ئێوارانیش دیسان ماسی و زەلاتەم دەخوارد و پێش ئەوەی بخەوم کەمێک تەواوکەرە خۆراکییەکانم دەخوارد.

هێرشبەرەکەی پالمێراس خراپی بەسەر هاتووە و دوای پەیڕەوکردنی سیستەمەکەی رۆناڵدۆ خەریکبووە دوای پێنج خولەک یاریکردن بمرێت.

گابریێل مێنینۆ هێرشبەری پالمێراس ده‌شڵێت: دوای پەیڕەوکردنی سیستەمی دایتەکەی دۆن لە یەکەم یاریی دوو یاریزانی یانەکەمان تووشی پێکان بوون و دەبوایە من بچمە ناو یاریگا، دوای ئەوەی چەند مەشقێکی خۆگەرمکردنەوەم ئەنجام دا و چوومە ناو یاریگا، بە پێنج خولەک شەکەت و ماندوو بووم، هێزم نەبوو بجوڵێم بە خۆمم دەگوت ئێستا دەمرم، دەمویست لە یاریگا بێمە دەرەوە، گەیشتمە ئەو بڕوایەی کەس ناتوانێت لاسایی دایتەکەی دۆن بکاتەوە.

پێشتر چەندان یاریزان و راهێنەر و پسپۆرانی خۆراک باسی تایبەتمەندییەکانی رۆناڵدۆیان کردووە، سەرپەرشتیاری سیستەمی خۆراکی یانەی نەسڕ دەڵێت:  کریستیانۆ رۆناڵدۆ زۆر پابەندی خواردنی تەندروستە و زۆر شتی لێوە فێربووم و بووەتە هۆی ئەوەی سەرجەم یاریزانانی یانەکەمان چاوی لێبکەن و پابەندی سیستەمی خواردن بن و زیاتر مەشق و راهێنان بکەن.

گابریێل مێنینۆ هێرشبه‌ری به‌رازیلی یانه‌ی پاڵمێراس
گابریێل مێنینۆ هێرشبه‌ری به‌رازیلی یانه‌ی پاڵمێراس