سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق كرد

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق كرد
سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق كرد

K24 - هه‌ولێر:

سەرۆك مه‌سعود بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق كرد. به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی باره‌گای بارزانی، سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە هیچ جۆرە ناكۆكییەكی سیاسی نابێ كاریگەریی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان هەبێت.

ئه‌مڕۆ پێنجشەممە 2ی ئاداری 2023، لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئیلبرووس كوتراشیڤ، باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق كرد.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی باره‌گای بارزانی، له‌ دیدارەكه‌دا كه‌ ماكسیم ڕۆبین، كونسوڵی رووسیا لە هەولێریش ئامادەی بوو، بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و گۆڕانی هاوكێشەكان لەسەر ئاستی جیهانی و هەرێمایەتی ئاڵوگۆڕ كران. هەروەها رۆشنایی خرایە سەر پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەوڵەكانی حكومەتی تازەی عێراقی بۆ تێپەڕاندنی كۆسپ و تەحەددیاتەكان.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، هەر لەو دیدارەدا بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرا و سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە هیچ جۆرە ناكۆكییەكی سیاسی نابێ كاریگەریی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان هەبێت و پێویستە ئەمساڵ هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستاندا بەڕێوەبچێت.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌: لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیەدا مەترسییەكانی هزری توندڕۆیی و تیرۆر خرایە بەرباس و سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە فەرهەنگ و بیروباوەڕی خەڵكی كوردستان رێگەی نەدا كە توندڕۆیی و هزری تیرۆر لە كۆمەڵگەی كوردستانیدا جێگە بكاتەوە.

له‌ كۆتایی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: پەیوەندییەكانی نێوان ڕووسیا و هەرێمی كوردستان و عێراق تەوەری تری ئەو كۆبوونەوەیە بوو.