ژاپۆن 7000 دوورگە دەدۆزێتەوە کە نەیدەزانی هەیبووە

.
.

K24 - هەولێر:

دامەزراوەی (CGI) زانیاری جیۆفەزایی ژاپۆن لەرێگەی نەخشەسازی دیجیتاڵییەوە ئاشکرایکرد، ژمارەی دوورگەکانی ژاپۆن 14 هەزار و 125 دوورگەیە، ئەمەش دوو هێندەی ئەو ژمارەیەیە کە ساڵی 1987 لەلایەن پاسەوانی کەناراوەکانی ژاپۆنەوە ژماردنیان بۆ کراوە.

بە گوێرەی ئەو ژمارە فەرمییەی کە 35 ساڵ لەمەوبەر لەلایەن پاسەوانی کەناراوەکانی ژاپۆن راگەیەندرابوو، وڵاتەکە 6852 دوورگەی هەیە، بەڵام دوایین ئاماری نەخشەسازی دیجیتاڵی ئەوەی خستووەتەڕوو، کە ژاپۆن 14 هەزار و 125 دوورگەی هەیە.

دامەزراوەکە جەختی لەوە کردەوە کە ئەو ژمارە نوێیە رەنگدانەوەی پێشکەوتنەکانی تەکنەلۆژیای رووپێوکردن و وردەکارییەکانی ئەو نەخشانەیە کە بۆ ژماردن بەکارهێنراون، بەو واتایەی گۆڕانکاری بەسەر رووبەری گشتی ئەو زەوییەدا نەهاتووە کە لەژێردەستی ژاپۆندایە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەکاتێکدا هیچ رێککەوتنێکی نێودەوڵەتی لەسەر چۆنیەتی ژماردنی دوورگەکان نییە، بەڵام هەمان پێوەرەکانی قەبارەی 35 ساڵ لەمەوبەری بەکارهێناوە.