هاووڵاتییەکی ئەمەریکی بە کەرەستەی تەقەمەنییەوە گەشت دەکات و لە فڕۆکەخانەیەک دەستگیردەکرێت

K24 - واشنتن:

بەپێی سکاڵایەکی تاوانکاری، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ''لیهای ڤالی'' لە ویلایەتی پێنسیلڤێنیا، ئامێرێکی تەقەمەنی لەنێو جانتایەکدا دۆزراوەتەوە.

''مارک مافلی'' کە تەمەنی 40 ساڵە، بە هەڵگرتنی تەقەمەنی لەنێو جانتەکەیدا تۆمەتبار کراوە کە ئەمەش بە گوێرەی یاساکانی ئەمەریکا بە تاوانی فیدراڵی لێکدەدرێتەوە.

بە گوێرەی بەڵگەنامەکانی دادگا، لە فڕۆکەخانەی پێنسلڤێنیا بەهۆی جانتاکانی ''مارک مافلی''، زەنگی ئاگادار کردنەوە لێدراوە، چونکە جانتاکانی ناوبراو تەقەمەنییان تێدا بووە.

لەم بارەوە داواکارانی گشتیی ئاشکرایان کردووە، کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گواستنەوە، داوایان لە ''مارک مافلی'' کردوە پەیوەندی بە بەشی ئاسیشی فڕۆکەخانەکەوە بکات بەڵام نابراو ئەو کارەی نەکردووە. سەرچاوەکانی هەواڵ باس لەوە دەکەن کە نابراو نەک هەر نەچۆتە بەشی ئاسایشی فرۆکەخانەکە بەڵکوو کامێراکانی چاوەدێری دەریدەخەن کە ''مارک'' هەوڵی داوە لە فرۆکەخانە بچێتە دەرەوە.

 شارەزایەکی تەقەمەنی و بۆمب سەر بە پۆلیسی فیدراڵی ئەمەریکا (FBI)  کاتێک لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەو کەلووپەلانەی نێو جانتاکەدا کردووە، گەیشتە ئەو ئاکامەی کە شتی وای تێیدایە کە دەچێتە خانەی کەرەستەی "یارییە ئاگریینەکان"وە.

ئیدی گارسیا، بریکاری تایبەتی (FBI) ئاشکرای کردووە کە ''مافلی'' پشتڕاستی کردەوە کە ئاگاداری ئەوە بووە ئەو تەقەمەنیەی لە نێو جانتاکەیدا بووە لەگەڵ چەند کەرەستەیەکی دیکە، کە دەیزانی هەموویان قەدەغەکراون.

هەنووکە لایەن پێوەندیدارەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو کەلوپەلانەی نێو جانتاکەی ''مارک مافلی'' دەکرا لە کەشێکی گەرمدا بتەقێنەوە و بەم جۆرە  سەرنشینەکانی نێو فڕۆکەی خستووەتە مەترسییەوە.

داواکاری گشتی شێری ستیفان ئاماژەی بەوەدا کە گرنگ نییە ئامێرەکە یاری ئاگرین بێت، چونکە پێناسەی فیدراڵی بۆ تەقەمەنی دەگونجێت و مەترسییەکی بەرچاوی بۆ سەر فڕۆکەکە و سەرنشینەکان دروستکردووە