فه‌رمان به سوپای ئۆكرانیا كرا له ناوچه‌یه‌ك بكشێته‌وه
K24 - هەولێر:
فه‌رمانده‌ی كه‌تیبه‌ی (مادیار)ـی سوپای ئۆكرانیا رایده‌گه‌یه‌نێت، فه‌رمانێكی به‌ده‌ستگه‌یشتووه، به‌په‌له ناوچه‌ی ئهرتیۆمۆفسك سه‌ر به هه‌رێمی دۆنێتسك چۆڵ بكه‌ن و له‌وێ بكشێنه‌وه.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی میدیا ئۆكرانییه‌كان، ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 3ـی ئادار/ مارسی 2023)، فه‌رمان به فه‌رمانده‌یی كه‌تیبه‌ی (مادیار)ـی سه‌ر به سوپای ئۆكرانیا كراوه، به زووترین كات له ناوچه‌ی ئهرتیۆمۆفسك سه‌ر به هه‌رێمی دۆنێتسك بكشێنه‌وه.
سه‌باره‌ت به هۆكاری كشانه‌وه، ئه‌و فه‌رمانده سه‌ربازییه ئۆكرانییه روونیكرده‌وه، دوای 110 رۆژ شه‌ڕكردن له ناوچه‌ی ئهرتیۆمۆفسك، دۆخیان زۆر خراپه و فه‌رمانه‌كه‌ش جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.
پێشتریش سێرگی رهحمانین، ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری له په‌رله‌مانی ئۆكرانیا رایگه‌یاندبوو، دۆخی سه‌ربازی سوپای ئۆكرانیا له ناوچه‌ی ئهرتیۆمۆفسك زۆر خراپه، پێویسته سوپای ئۆكرانیا به زووترین كات له‌وێ بكشێنه‌وه.
رۆژی 24ـی شوباتی 2022، ڤلادیمێر پوتین سه‌رۆكی رووسیا، فه‌رمانی هێرشكردنه سه‌ر ئۆكراینای ده‌ركرد.
فه‌رمانه‌كه‌ی پوتین چه‌ند سه‌عاتێك دوای ئه‌وه دێت كه جوداخوازانی هه‌ردوو هه‌رێمی دۆنێتسك و لۆهانسك له رۆژهه‌ڵاتی ئۆكراینا، داوای یارمه‌تی سه‌ربازییان له رووسیا كردبوو.