پۆلیسی سلێمانی: بەتۆمەتی کاری ساختەکاریی و بازرگانی بەچەکەوە باندێکی پێنج کەسی دەستگیرکرا
K24 - هەولێر:
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، مەفرەزەکانی نوسینگەکانی نەھێشتنی تاوانی کوردسات و ڕۆژھەڵات و نەھێشتنی تاوانی ساختەکاریی باندێکی پێنج کەسیان دەستگیرکرد بەتۆمەتی کاری ساختەکاریی و بازرگانی بەچەکەوە.
پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەداوە، کە دوای ئەوەی ھێزەکانی پۆلیس زانیاری پێویستیان لەسەر ژمارەیەک تۆمەتبار کۆکردەوە کە لەشێوەی بانددا پاسپۆرت و پێناس و چەند بەڵگەنامەیەکی تر ساختە دەکەن، ھەروەھا بازرگانی بەچەکەوە دەکەن.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی راشیگەیاند، پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، لە چالاکییەکی ھاوبەشدا مەفرەزەکانی نوسینگەکانی نەھێشتنی تاوانی کوردسات و رۆژھەڵات و نەھێشتنی ساختەکاریی توانیان ھەر پێنج تۆمەتبارەکە لەکاتی دروستکردنی بەڵگەنامەی ساختەو مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی چەک دەستگیربکەن.
ئەوەش خرایەڕوو، لەکاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکاندا دەستگیرا بەسەر شەش چەک لەجۆری دەمانچە و چەند بەڵگەنامەیەکدا کە تۆمەتباران ساختەیان کردبوو.
پۆلیسی سلێمانی باسی لەوەکرد کە تۆمەتبارەکان بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 289- 298 لە یاسای سزادان راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.