مەسرور بارزانی: من هەمیشە ویستوومە گەنجەکانی ئێمە پشت بە خۆیان ببەستن

K24 – هەولێر

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، هەمیشە دەیەوێت گەنجانی کوردستان پشت بە خۆیان و تواناکانیان ببەستن و ئەوانیش وەکو حکومەت پاڵپشتیان دەبن.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە شەشەمین ئیڤێنتی تێدێکس نیشتمان لە هەولێر لە وتەیەکدا رایگەیاند، ئەمساڵ خەڵکێکی زۆر زیاتر بەشداریان لەم ئیڤێنتە کردووە، ئەوەش ئەم خاڵە پیشان دەدات کە روحیەتی داهێنان و دروستکردن لەلای گەنجەکانی ئێمە چەندە کە ئەمە ئاواتێکی چەند ساڵەی ئێمە بووە.

سەرۆکی حکومەت راشیگەیاند: "من هەمیشە ویستوومە گەنجەکانی ئێمە پشت بە خۆیان و تواناکانیان ببەستن، هەلی کار بۆ خۆیان و خەڵکی تر بڕەخسێنن، ئەوەی ئێمەش پێمان بکرێت وەکو حکومەت پاڵپشتیان دەبین".

مەسرور بارزانی، دەستخۆشی لە رێکخەرانی ئەو ئیڤێنتە کرد و گوتی: "هیوادارم ساڵ بە ساڵ سەرکەوتووتربن و ئیڤێنتی باشتر بکەن و بە هەموو ئاواتەکانتان بگەن".

دەقی وتەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە:

زۆر زۆر سوپاس

دەستخۆشیتان لێ دەکەم و سوپاستان دەكەم، هیوادارم هەمیشە هەر دڵخۆش و سەركەوتوو بن و هەمووتان تەمەن درێژ بن و بە هەموو ئاواتەكانتان بگەن.

ئەمجارەش بەشداریم كرد لە تێدئێکس لەگەڵ كۆمەڵێك گەنج، كە هەندێك لەو كارانەی كردوویانە، پێشكەشیان كردووە، خەڵكێكی یەكجار زیاتریش لەم هۆڵە و بیستم لە هۆڵەكانی تریش بەشداری ئەم ئیڤێنتەن، ئەمە ئەو خاڵە نیشان دەدات كە ڕوحیەتی داهێنان و دروستكردن لای گەنجەكانی ئێمە چەندە كە ئەمە ئاواتێكی چەند ساڵەی ئێمە بووە.

من هەمیشە ویستوومە گەنجەكانی ئێمە خۆیان پشت بە خۆیان و تواناكانی خۆیان ببەستن، هەلی كار بۆ خۆیان و خەڵكی تر دروست بكەن. ئەوەی ئێمەش پێمان بكرێ وەكو حكومەت هاوكار و پاڵپشتیان بین.

من دیسان دەستخۆشیتان لێ دەكەم، هیوادارم ساڵ بە ساڵ ئێوە سەركەوتوو تر بن و ئیڤێنتی باشتر بكەن و بە هەموو ئاواتەكانتان بگەن.

جارێكی تر زۆر دەستخۆشیتان لێ دەكەم، هەرچەندە بە بیرتان هێنامەوە كە ساڵێكی تریش هاتۆتە سەر تەمەنمان و گەورەتر بووین، بەڵام هیوادارم هەمووتان تەمەن درێژ بن و زۆر زۆر سوپاستان دەكەم.