ئیمارات و تورکیا باجى گومرگی له‌ ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان كه‌مده‌كه‌نه‌وه‌

ئاڵای توركیا و ئیمارات
ئاڵای توركیا و ئیمارات

K24 – هه‌ولێر:

ئیمارات و توركیا رێككه‌وتنێك بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی باجی گومركی له‌ ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان واژووده‌كه‌ن و قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هه‌ردوو وڵاتیش بۆ 40 ملیار دۆلار بەرزدەکەنەوە.

لە سەردانەکەی محه‌ممه‌د موش، وەزیری بازرگانی تورکیا بۆ ئەبوزەبی، ئەو رێککەوتننامەیە واژۆ کرا کە ساڵی رابردوو راگەیەندرابوو، له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه‌، سانی بن ئه‌حمه‌د ئەلزه‌یودی،  وەزیری دەوڵەتی ئیمارات بۆ بازرگانی دەرەوە لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، ڕێککەوتنەکە بریتییە لە کەمکردنەوەی باجی گومرگی نێوان هەردوو وڵات لەسەر 82%ی کەلوپەل و بەرهەمەکان.

هەروەها وه‌زیری بازرگانی ده‌ره‌وه‌ی ئیمارات ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، رێككه‌وتنه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ توركیا بوژاندنەوەی وەبەرهێنانی هاوبەش لەخۆدەگرێت، به‌تایبه‌تی له‌ بواره‌كانی تەکنەلۆژیای کشتوکاڵی، وزەی پاک و بیناسازی و وادەکات لە پینج ساڵی داهاتوودا ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات بۆ دوو هێندە بەرزببێتەوە و بگاته‌ 40 ملیار دۆلار.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان توركیا و ئیمارات لە ساڵی رابردوودا نزیکەی 19 ملیار دۆلار بووە.